راپۆرت 11:41 - 14/02/2019

موشەکەکانی ئێران بۆ بەرگریین یان هێرش

+ -

(سبەی):
بەرنامە موشەکییەکانی ئێران بۆ ئاستی سێ هەندە بەرزبوەتەوە و ئەمەش بوەتە هەڕەشە بۆ هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی راپۆرتی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێت بە موشەکەکانی (70%)ی خاکی ئاسیا و تەنانەت ئەوروپاش بکاتە ئامانج.

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندوە: کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی سەرەڕای بڕیارنامەی (2231)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرنامە موشەکییەکانی پەرەپێداوە و موشەکی بالیستی دروست کردوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمی هەیە و دەگاتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

موشەکی سجیل بە یەکێک لەو موشەکە بەهیزانە دادەنرێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و بە وتەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو موشەکە هاوشانی موشەکی بالیستی (قەدرf) و (خوڕەمشەهر) دەتوانێت خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.

گرنگترین بە بەهێزترین موشەکەکانی ئێران:

1- موشەکی بالیستی سجیل خێراییەکەی دەگاتە (3 بۆ4) کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا و خێراییەکەی لە ئاستێکدایە کە بە ئاسانی ناکرێتە ئامانج.

 

2-موشەکی (خەلیجی فارس) واتە کەنداو، موشەکێکی زیرەکە و بە خێرایی لەسەروی دەنگەوە ئامانجەکانی دەپێکێت و دەتوانێت (300) کیلۆمەتر ببڕیت و کڵاوێکی (650) کیۆگرامی هەڵگرێت.



3- موشەکی بالیستی (شەهاب)ی یەک تا پێنج کە لە جۆرەکانی دورمەودا و مامناوەند و دەتوانێت (3000) کیلۆمەتر ببڕێت و بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە ئەو موشەکانە زیاتر بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمان سودیان لێوەردەگیرێت.

4- موشەکی بالیستی (فاتح 100) کورت مەودایە کە توانای بڕینی (200) کیلۆمەتر بۆ (300 )کیلۆمەتر هەیە و ئامانجەکانی بە وردی دەپێکێت.



5- موشەکی بالیستی (قەدر 110) کە بە خێراترین موشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەم دەدرێت و توانای بڕینی (2500 بۆ 3000) کیلۆمەتری هەیە و خۆی لە قەڵغانی دژە موشەکی دەشارێتەوە و دەگاتە خاکی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.



6- موشەکی بالیستی (قیام) لەسەروی خێرایی دەنگ خۆی دەگەیەنێتە ئامانجەکەی لە دوری (800) کیلۆمەتر و تایبەتمەندییەکی ئەم موشەکەش بێ باڵ بونیەتی و دەتوانێت کڵاوێکی (746) کیلۆگرامی هەڵبگرێت.

7- موشەکی بالیستی (عاشورا) کە موشەکێکی مامناوەندە دەتوانێت (2500) کیلۆمەتر ببڕێت و ئێران ئەو موشەکەش وەک هۆشدارییەک بە ئەمەریکا و ئیسڕائیل و خاکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەکاردەهێنێت.



ئەم حەوت موشەکە بالیستییە زەوی بە زەوییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جۆرە جیاواز و پێشکەوتوەکانییەوە بونەتە کێشە بۆ جیهان و بە تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە موشەکەکان لە توانایاندا هەیە بە خێراییەکی زۆر بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەرز ببنەوە و بگەنە سەروی بۆشایی ئاسمان و  دواتر بە سودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای موشەکی بگەڕێنەوە زەوی و ئامانجەکانیان بپێکن و بەشێک لەم موشەکانەش توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمییان هەیە.

کۆماری ئیسلامی دوای هاتنە سەر دەسەڵات لە ئێران بەردەوام بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر نەیارە سەرەکییەکانی وەک (عێراق) لەسەردەمی سەدام حسێن و ئیسرائیل و ئەمەریکا و سعودیە بەکارهێناوە.

جگە لەو موشەکە بالیستییانە ئێران ژمارەیەک موشەکی دیکەی نمایش کردوە و چەند جارێکیش هەوڵی رەوانەکردنی مانگی دەستکردی داوە بۆ بۆشایی ئاسمان لە رێگەی موشەکە دور مەوداکانییەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە دوایین تاقیکردنەوەیدا شکستی هێنا لە جێگیرکردنی مانگی دەستکردی (پەیام) بۆ خولگەی زەوی،  روبەڕوی ناڕەزایەتی هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەوروپا بوەوە.

ئەو وڵاتانەی دژی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن بە بیانوی ناردنی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان، ئاماژەیان بەوەکردوە ئەو وڵاتە بە بیانوی تاقیکردنەوەی زانستییەوە پەرەی بە بەرنامە موشەکییەکانی داوە و ئەو موشەکانە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمی هەڵگرن و ببنە هەڕەشەی راستەقینە بۆ جیهان.