کوردستان 04:18 - 18/03/2019

جارێکی دیکە فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی لە کۆبونەوەدان

+ -

(سبەی):
فراکسیۆنەکانی گۆڕان و پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆبونەوەدان بە مەبەستی دیاریکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان.

دوای ئەوەی لە کۆبونەوەی یەکەمدا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، جارێکی دیکە فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەدان و گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی سەرۆکایەتی ئەو لیژنانەی جیاوازیی و ناکۆکییان لەسەرە دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) فراکسیۆنەکانى پەرلەمان لەسەر دابەشکردنى زۆرێک لە لیژنەکان گەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام لەسەر سەرۆکایەتى هەندێک لە لیژنە سیادییەکان ناکۆکى ماوە و پێویستە  ئەمڕۆ دوا کۆبونەوە لەوبارەیەوە بکرێت و بڕیار بدرێت پێش دانیشتنی پەرلەمان کە سبەینێ سێشەممە بەڕێوەدەچێت.

رۆژى (12)ى ئەم مانگە دەنگ لەسەر ئەندامانى (14) لیژنەى هەمیشەیى پەرلەمان درا و بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان دەبێت تا رۆژى سێشەممە دەستەى سەرۆکایەتى لیژنەکان (سەرۆک، جێگر و بڕیاردەر) یەکلابکرێنەوە، پەرلەمان (15) لیژنەى هەمیشەیى هەیە کە لە (165) ئەندام پێکدێن بەپێی رێژەی نوێنەرایەتی لە پەرلەمان، ئەندامانی لیژنەكان دابەش كراون بەسەر سەرجەم فراكسیۆنەكاندا کە لە (108) ئەندامى پەرلەمان پێکدێن، هاوکات (سبەى) زانیویەتى فراکسیۆنى گۆڕان جێگرى سەرۆکى دو لیژنە و بڕیاردەرى لیژنەیەکى وەرگرتوە و داواى سەرۆکى دو لیژنەش دەکات.