راپۆرت 10:56 - 08/04/2019

لە رابەری گشتییەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم

+ -

(سبەی):
راپۆرت: بەهادین یوسف

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەو دامەزراوەیەی لە ساڵی (2005) و بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی و وەک هاوتای دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دروستکرا، لەماوەی (14) ساڵی رابردو زۆرترین ناکۆکی لێکەوتوەتەوە، تا کار گەیشتە سەر داخستنی بەرزترین دامەزراوەی تەشریعی لە کوردستان.

رابەری بزوتنەوەی رزگاریخواز

دوای راپەڕینی بەهاری (1991) و دواتر کۆڕەوەکە و کشانەوەی هێزەکانی رژێمی سەدام لە هەرێمی کوردستان، بەرەی کوردستانیی لیژنەیەکی لە (15) کەس پێکهێنا بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، لیژنەکە پڕۆژه‌ یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به‌سه‌ركردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى كوردستانى كردو له‌ رۆژى (28\4\1992) له‌لایه‌ن به‌ره‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ردراو به‌ناوى یاساى ژماره‌ (1) بۆ ساڵى (1992) یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستان – عیراق په‌سه‌ندكرا.

بەپێی پڕۆژە یاساکە، هاوکات لەگەڵ دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان، رابه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان له‌رێگاى ده‌نگدانى گشتى و نهێنى و راسته‌وخۆ به ‌به‌شدارى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ر كه‌ نوێنه‌رایه‌تى زیاتر له‌ سێ ملیۆن و (500) هەزار هاوڵاتیان ده‌كرد ئه‌نجامدرا، بەڵام هەر شەوی یەکەمی راگەیاندنی ئەنجامەکان تۆمەتبارکردنی لایەنە سەرەکییەکان بە ئەنجامدانی ساختەکاریی و بۆ بەرگرتن لە دروستبونی شەڕ و پێکدادانی چەکداریی، بەرەی کوردستانی بڕیاریدا کورسییەکانی پەرلەمان (50) بە (50) لە نێوان لیستی پارتی و یەکێتی دابەش بکات و هیچ کام لە چوار کاندیدە سەرەکییەکەی هەڵبژاردنی رابەری گشتی (جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، مەحمود عوسمان، عوسمان عەبدولعەزیز) نەیانتوانی دەنگی پێویست (50+1) بەدەسبهێنن، بۆیە ئەو پۆستە یەکلایی نەکرایەوە.

بەرەی کوردستانی بڕیاریدا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش تەنها بۆ شەش مانگ کاری پێبکرێت، به‌ڵام دوای شەش مانگ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و بۆ رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد دوباره نەکرایەوە و بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دروستبونی دو ئیدارەیی و ناکۆکییەکانەوە ئەو خولە تەمەنی (13) ساڵی تێپەڕاند و تا ساڵی (2005) بەردەوام بو.

سەرۆک کۆمار بەرامبەر سەرۆکی هەرێم

بەهۆی دروستبونی دو ئیدارەیی دان نەنان بە شەرعیەتی یەکتردا، لە سنوری زۆنەکانی سەوز و زەرد چەندین پۆست و پلە دیاریکران بەبێ بونی پاڵپشتیی یاسایی، تەنانەت بۆ ماوەیەک لە ئیدارەی سەوز، خوالێخۆشبو جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خۆی وەک سەرۆکی هەرێم دەناساند و ژمارەیەک بڕیاریشی بەناوی سەرۆکی هەرێمەوە دەرکرد.

کێشمەکێش و رکابەرایەتی لەسەر پۆستی بەرپرسی یەکەمی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بو، تا دوی ساڵی (2003) و روخانی رژێمی سەدام حسێن و پاشان دابەشکاریی پۆستەکان بەغدا و پێشنیازێکی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکا بۆ دابەشکردنی پۆستە سیادییەکانی عێراق لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق، بەجۆرێک سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە.

دوای چەندین دانیشتن و کۆبونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، سەرەنجام رۆژی (1/12/2004) رێککەوتنێک لە نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئیمزاکرا و هەردولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی بێت، لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ مام جەلال بێت.

 

روژی (30)ی کانونی دوەمی ساڵی (2005) هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، دوای نزیکەی پێنج مانگ رۆژی (4/6/2005) دوەمین خولی پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا.

سێ رۆژ دوای یەکەم دانیشتن، رۆژی (7/6/2005) یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2005)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی کوردستان پەسەندکرا، کە بەپێی یاساکە سەرۆکی هەرێم بە دەنگدانی گشتی و هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هەرچەندە بەپێی یاساکە دەبو سەرۆکی هەرێم بە دەنگدانی گشتی و لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە خرایە خولی دوەم و رۆژی (12/6/2005) پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارە (3)ی ساڵی (2005)ی پەسەند کرد کە دەقەکەی بەمشێوەیەیە:

 

دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی (14/6/2005) لە دانیشتنی پەرلەمان و بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق و نوێنەرانی ژمارەیەک وڵاتی بیانی، مه‌سعود بارزانی له به‌رده‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.


 

رێککەوتننامەی ستراتیژیی

دوای رێککەوتنی سەرەتایی سەرۆکی پارتی و سکرتێری یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی هەولێر و بەغدا، رۆژی (27/7/2007) رێککەوتننامەی ستراتیژیی لەنێوان جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیمزا کرا، بەپێی رێککەوتنەکە، هەردولا لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق بە یەک لیست دادەبەزن و مەسعود بارزانیی دەبێتە کاندیدی هاوبەشی هەردولایەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەو خولە، سەرۆکی هەرێم راستەوخۆ لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرا.

 

 

لە هەڵبژاردنی (25/7/2009) یەکێتی و پارتی بە لیستی کوردستانی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و مەسعود بارزانیش وەک کاندیدی هاوبەشی هەردولا بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کاندید کرا و هەڵبژێردرا، رۆژی (20/8/2009) لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی دوەمی سەرۆکایەتی سوێندی یاسایی خوارد.


 

درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆک

رۆژی (30/6/2013) سەرەڕای ناڕەزایەتییەکی توندی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتو) بە زۆرینەی دەنگی هەردو فراکسیۆنی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کەمینەکان ویلایەتی مەسعود بارزانیی بۆ ماوەی دو ساڵ و تا (19/8/2015)  درێژکرایەوە.

 

لە پڕۆتۆکۆڵی فەرمیی پەرلەمانی کوردستاندا هاتوە، لە کۆبونەوەی رۆژی (30/6/2013) خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاساكانی (درێژكردنه‌وه‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان) له‌ نێو ناڕه‌زایی فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ لێدان له‌ مێزی به‌رده‌میان، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ کرا.
لە پرۆتۆکۆڵەکەدا تۆمار کراوە کە بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایەی پەرلەمان پەسەندی کرد، ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له ‌(20/8/2013)دا ته‌واو ده‌بێت درێژ ده‌كرێته‌وه‌ تا (19/8/2015) كه‌ ئیتر بۆ جاری دوه‌م قابیلی درێژكردنه‌وه‌ نییه‌، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

گەڕێکی دیکەی ناکۆکی لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم

لەگەڵ نزیک بونەوەی کۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستی بە دانوستان و گفتوگۆکان کرد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان، هەوڵەکان بێ ئاکام بون، چوار پڕۆژە یاسا لەلایەن فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتو، یەکێتی) بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا.

رۆژی (23/6/2015) په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ ئه‌و چوار پڕۆژه‌ یاسایه‌ی كه‌ تایبه‌ت بون به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان کرد.

سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و فراكسیۆنه‌كانی توركمان ‌و كلد و ئاشور ‌و ئه‌رمه‌ن ‌و ئاڕاسته‌ی سێیه‌م بایكۆتیان كرد، کۆبونەوەکە بە سەرۆکایەتی د.یوسف محەمەد سادق و به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی كونسوڵخانه‌كانی ئه‌مەریكا، ئه‌ڵمانیا، ئێران، میسر ‌و یۆنامی ‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی  به‌ڕێوه‌چو، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکان کرا.

دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌ نەکرا

بەپێی پڕۆتۆکۆڵی پەرلەمان، بڕیار بو سه‌عات (12)ی نیوه‌ڕۆی (19/8/2015)، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئاماده‌بونی فه‌خره‌دین قادر سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (3)ی نائاساییی په‌رله‌مان بەڕێوەبچێت، کە به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش تایبه‌ت بو به‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاساى (هه‌موارى چواره‌مى یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو) و راپۆرتى لیژنه‌ى یاسایی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساى ئاماژه‌پێكراو.

به‌ر له‌ خستنه‌ روی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، سكرتێری په‌رله‌مان ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئاماده‌بوی دانیشتنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ ژماره‌یان (53) ئه‌ندام بو، بۆیه‌ به‌هۆی ته‌واونه‌بونی ژماره‌ی یاسایی، دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درا، کە (24) په‌رله‌مانتارەکە‌ی فراكسیۆنی گۆڕان، (18) په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی، (6) په‌رله‌مانتار‌ی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ‌و (5) په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بون.

شکستی کۆبونەوەی پێنج قۆڵی

رۆژی (8/10/2015) نۆیەمین کۆبونەوەی پێنج قۆڵی (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ، یەکگرتو) لەلایەک و پارتی لەلایەکی دیکە بەڕێوەچو، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی‌ پرسی دەسەڵات و ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكایەتی‌ هه‌رێم.

لە دوا کۆبونەوەی پێنج قۆڵیدا چوار لایەنە سیاسییەکە (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ، یەکگرتو) دو پێشنیازیان خستە بەردەستی پارتی سەبارەت بە دەسەڵاتەکان و میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەوانیش، سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتی هەبێت، یان سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی پرۆتۆکۆڵی و تەشریفاتی بن و لەژێر چاودێری پەرلەماندا بێت.

سەرۆک لەناو خەڵک یان پەرلەمان

دوای ئەوەی چوار لایەنەكە لە هەشتەمین كۆبونەوەی پێنجقۆڵیدا دو بژاردە كە بریتی بون لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان بەڵام بە كۆمەڵێك دەسەڵاتەوە، یاخود هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ناو خەڵكدا بەڵام بە دەسەڵاتێكی تەشریفاتیەوە، خستە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان تاوەكو یەكێكیان هەڵبژێرێت، لە نۆیەمین كۆبونەوەی پێنج قۆڵیدا، شاندی پارتی بژاردەی هەڵبژاردنی سەرۆكی لەنێو خەڵكەوە هەڵبژارد، بەڵام بە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی زۆرەوە، كە چوار لایەنەكە ئاشکرایان کرد ئەوەی پارتی داوای دەكات دەقاو دەق بریتییە لە یاسای ژمارە یەكی ساڵی (2005) بە كۆمەڵێك دەسەڵاتی زیاترەوە، بەهۆیەوە کۆبونەوەکان نەگەیشتنە ئەنجام و هەڵپەسێردران.

هەمان رۆژ ژماره‌یه‌ك له‌ رۆشنبیران و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و رێکخراوەکان و چالاكانی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌به‌رده‌م هۆتێل شاری‌ جوان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چو، دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرد بۆ فشارخستنە سەر لایه‌نه‌كان تا بگه‌نه‌ سازان.

کۆتا دانیشتنی پەرلەمان

بڕیاربو، رۆژی دوشەممە (12/10/2015) دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بارودۆخی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و دواکەتنی موچەی فەرمانبەران ساز بکرێت، بەڵام لەسەر داوای پێنج فراکسیۆنی پەرلەمان (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ) سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخات.

(12)ی ئۆکتۆبەر

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان سەریهەڵدا، روبەڕوبونەوەی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروست بو، ژمارەیەک بارەگای حیزبی سوتێنران، ژمارەیەک خۆپیشاندەر شەهید و بریندار کران.

سەرلەبەیانی رۆژی (12)ی ئۆکتۆبەری (2015) لە بازگەی پردێ، هێزەکانی سەر بە پارتی رێگرییان لە د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و تیمی وزاریی بزوتنەوەی گۆڕان کرد بچنەوە سەر کارەکانیان لە هەولێر، ئەوەش قەیرانێکی سیاسی قوڵی لە هەرێمی کوردستان دروست کرد و دەرگای پەرلەمان داخرا بۆ ماوەی نزیکەی دو ساڵ، دواجار یەکێتی و پارتی بۆ شەرعیەتدان بە ریفراندۆم لە (15/9/2017) دەرگای پەرلەمانیان کردەوە و لە دانیشتنێکی نائاساییدا بە ئامادەبونی (68) پەرلەمانتار، دەنگ لەسەر پێشنیازی ژمارەیەک حیزب درا تا ریفراندۆم لە (25/9/2017) ئەنجامبدرێت.



دابەشکردنی دەسەڵاتەکان

بەهۆی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی و درێژکراوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەڵنەبژاردنی هاوکات لە هەڵبژاردنە گشتییە پەرلەمانییەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمان و دروست نەبونی بۆشایی یاسایی، رۆژی (29/10/2017) پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2017)ی پەسەندکرد بەناوی (یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان) کە لە (پێنج) ماددە و ژمارەیەک بڕگە و هۆیەکانی دەرچون پێکهاتوە.

بەپێی یاساکە، دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمدا دابەش دەکرێت و دەسەڵاتەکانی دەدرێتە (سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی).


 

هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی

لە کۆبونەوەی رۆژی (11/7/2018) پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (10)ی ساڵی (2018)، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد، کە لە شەش ماددە پێکهاتوە و بەپێی یاساکە، کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت و دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە ژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیراندا لەسەر کارەکانی بەردەوام دەبێت لە روی کارگێڕیی و داراییەوە.
بەپێی ماددەی سێیەمی یاساکە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەماوەی دو وەرزی خولی گرێدانی ساڵی یەکەمیدا لەژێر رۆشنایی و پێوەرە گشتییەکانی دەستور بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بدات.

هەمواری یاسای سەرۆکایەتی

لە سەرەتای دەستپێکردنی دانیشتنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی (8/3/2019) بە واژۆی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران (68 ئەندام)، پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، بەناوی (پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستور)، کە بەپێی پڕۆژە یاساکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت.

رۆژی (30/3/2019)، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و رۆژی (3/4/2019) خوێندنەوەی دوەم بۆ (پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستور) کرا، رۆژی پێنجشەممە (4/4/2019) لیژنەی یاسایی راپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساکە نوسی و ئێستا ئامادەیە بۆ دانیشتنی پەرلەمان و پەسەند کردنی.

گەڕانەوە بۆ پێشنیازی چوار لایەنەکە

عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: ساڵی (2015) و لەکاتی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و بەتایبەتی دانوستانی چوار لایەنەکە (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ) لەگەڵ پارتی، گفتوگۆ لەسەر دو ستون کرا ستونی یەکەم سەرۆک لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی کەمبکرێتەوە، ستونی دوەم سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی بمێنێتەوە بەمەرجێک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، ئێمەش ستونی دوەممان هەڵبژاردوە و کاری لەسەر دەکەین.


گۆڕینی سیستمی حكومڕانی

هەر لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداریی کردنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکان و بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان، بزوتنەوەی گۆڕان پێداگریی کردوە لەسەر چەسپاندنی سیستمی حکومڕانی پەرلەمانی و داڕشتنەوە و نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک سیستمی پەرلەمانی بچەسپێنێت و دەسەڵاتەکانی لەیەکتری جیابکاتەوە و ماف و ئازادییە گشتییەکان بەرقەرار بکات.

لە خولی چوارەمی پەرلەماندا، فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی پێشکەشکرد، كە لە (18) ماددە پێكهاتبو، بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لەسەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، ئەگەرچی سێ لایەنی دیکەش بەهەمانشێوە پڕۆژەیان هەبو، بەڵام دواتر هەندێکیان لێی کشانەوە و هەر ئەوەش بوە هۆی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دو ساڵ و رێگریی کردن لە سەرۆکی پەرلەمان و تیمی وزاریی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بۆ سەر کارەکەیان و دواتر ئەو پرسە قەیرانێکی گەورەی سیاسی و یاسایی لێکەوتەوە.

رێککەوتنی گۆڕان و پارتی

پاش تێپه‌ڕبونی‌ زیاتر له‌ (چوار) مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ خولی پێنجەمی په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، سه‌ره‌نجام رۆژی‌ (18/2/2019) رێككه‌وتنێكی‌ سیاسی‌ له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت و چوار ساڵی داهاتوی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، پاش زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ و پەسەندکردنی‌ لەلایەن سەرکردایەتی‌ هەردولاوە، ئیمزا كرا.

بەپێی دەقی رێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی لە خاڵی یەکەم/ پەرلەمانی کوردستان، بڕگەی (أ): هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌، به‌ سازانی هه‌ردولا هه‌موار ده‌كرێن و ده‌رده‌چوێنرێن له‌ناو په‌رله‌مان وه‌ك (ده‌ستور، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان... هتد).
لە بڕگەی دوەم/ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن خاڵی (1)ی تایبەت بە سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتوە: كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان تا نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان و پێداچونه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا.