(سبه‌ی):
(9)ی مانگی نیسان هاوكاته له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی روخان و كۆتاییهێنان به رژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتداری پێشوتری عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی (2003)دا.
كورد له‌دوای (2003)وه یه‌كێك بوه له‌و هێزانه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كیی بینی له دوباره بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق نوێ‌دا و له چه‌ندین وێستگه‌ی وه‌ك پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی حوكم و هه‌روه‌ها نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا به‌شداربو، به‌ڵام زۆرێك پێیان وایه تاوه‌كو ئێستا كورد نه‌گه‌یشتوه به‌و ئامانجانه‌ی كه به‌درێژایی مێژوی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌وڵی بۆ داوه و نه‌یتوانیوه به‌رهه‌می ره‌نجی چه‌ندین ساڵ خه‌بات و تێكۆشان له عێراقی نوێ‌دا بچنێته‌وه. به رای چاودێران و سیاسه‌تمه‌دارانیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ كورتبینیی سه‌ركردایه‌تیی كورد و هه‌روه‌ها نه‌بونی په‌یوه‌ندییه‌كی دامه‌زراوه‌یی و ته‌ندروست له نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
كورد له عێراقی نوێ
ئازاد چالاك په‌رله‌مانتاری خولی پێشوتر له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێی وایه سه‌ركردایه‌تیی سیاسی ئه‌و كاتی كورد نه‌یتوانی ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژوییه بقۆزێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و گه‌نده‌ڵی و نه‌هێنانه‌كایه‌ی سیسته‌مێكی دیموكراسی وایكرد كه كورد پاشه‌كشه بكات له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه عێراقییه‌كانی دیكه.
له لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی)، ئازاد چالاك رونیكرده‌وه، كاتی رزگاركردنی عێراق و دوای ئه‌وه‌ش، هه‌رێمی كوردستان حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌بو، له‌ڕوی ئه‌من و ئاسایشه‌وه دۆخی له عێراق زۆر باشتر بو، له‌ڕوی ئابوری و بژێوی خه‌ڵكیشه‌وه له‌چاو شوێنه‌كانی تری عێراق زۆر باشتر بو، به‌ڵام سه‌ركرایه‌تی ئه‌وكاتی كورد نه‌یانتوانی به‌شێوه‌یه‌كی باش سود له‌و فرسه‌ته وه‌ربگرن به‌تایبه‌ت كه رژێمی عێراق به‌رله روخانیشی، لاواز بوبو نه سوپا و نه ئاسایش و نه هه‌واڵگری و هیچ شتێكی مابو، حیزبی به‌عسیش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ره‌هایه‌ی پێشتری نه‌مابو، له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنیش، عێراق هه‌ربه‌و جۆره بو، كه رژێم روخا، كورد هه‌مو ئه‌م شتانه‌ی هه‌بو، ته‌نانه‌ت حیزبه سیاسییه‌كانی عێراق هیچ قورساییه‌كی ئه‌تۆ و رێكخستنێكیان نه‌بو، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و له چوارچێوه‌ی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق بون و هێزی رێكخراو نه‌بون، ته‌نها هێز كه باڵاده‌ست بو و رێكخراو بو و ئابورییه‌كی باش و ته‌نانه‌ت هێزی سه‌ربازیشی هه‌بو، كورد بو، به‌ڵام نه‌یتوانی له عێراق رۆڵی به‌رچاو ببینێ كه ده‌یتوانی بیبینیایه.
هاوكات دانا شه‌هید جه‌زا په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: روخانی رژێمی عێراق رزگاربون بو له زوڵم و سته‌م و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ركورتكردن كورد به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه كورد گه‌یشتبێ به سه‌رجه‌م مافه‌كانی.
له‌لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی) دانا شه‌هید جه‌زا رایگه‌یاند: رژێمی به‌عس رژێمێكی تۆتالیتاری بو كه هیچ باوه‌ڕێكی به دیموكراسی نه‌بو و عێراقی توشی چه‌ندین نه‌هامه‌تی كرد و چه‌ندین شه‌ڕی روبه‌ڕو كرده‌وه و زیانی زۆری به وڵات گه‌یاند، له به‌رامبه‌ر كوردیشدا چه‌ندین تاوانی كۆمه‌ڵكوژی وه‌ك ئه‌نفال و كیمیابارانی ئه‌نجامدا، بۆیه روخانی رژێمی پێشوی عێراق كۆتاییهێنان بو به مه‌ترسیی سه‌ركوتكردنی كورد، به‌ڵام ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه نیه كه كورد هه‌مو مافه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه، ئێمه به ئێستاشه‌وه له دوای روخانی رژێمی عێراق له ململانێی سیاسیدان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان و یه‌كێك له ده‌سكه‌وته‌كانیشمان ئه‌وه بوه كه له‌دوای نه‌مانی ئه‌و رژێمه و له عێراقی نوێ‌دا به فه‌رمی دان نراوه به گه‌لی كورد و مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان.
چاره‌نوسی ناوچه جێناكۆكه‌كان
له‌سه‌روبه‌ندی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقدا، پاش ململانێیه‌كی سیاسیی زۆر له‌نێوان پێكهاته جیاوازه‌كاندا، ماده‌یه‌ك له ده‌ستوری عێراقدا جێگریكرا به‌ناوی ماده‌ی (140) كه تایبه‌ت به یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان كه له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا دانیشتوانه‌كه‌ی روبه‌ڕوی پرۆسه‌كه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و راگواستن بونه‌ته‌وه، ئه‌و مادده‌یه سێ قۆناغی له‌خۆ گرتبو كه ده‌بو تا (2007) جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرا.
ئازاد چالاك پێی وایه له مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم، سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كورد نه‌یتوانی ئه‌و پرسه بكات به مه‌رجی سه‌ره‌كیی به‌شداریكردن و هاوكاریكردنی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ، ده‌شڵێت: سه‌ركردایه‌تیی كورد كورتبین بون و پێیان وابو ئه‌گه‌ر عێراقێكی به‌هێز و سه‌قامگیر هه‌بێت ئه‌وا بۆ كوردستانیش باشه، به‌ڵام وا ده‌رنه‌كه‌وت و بینیمان هه‌ر كات عێراق به‌هێز بوبێت، هه‌م سوننه و هه‌م شیعه، یه‌كیان گرتوه له‌دژی داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد، بۆیه ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌یان بۆ داهاتوی عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق و ئه‌وانه‌ی له كۆرنگره‌ی نیشتمانی عێراق بون خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست نه‌بو وه زیاتر له‌سه‌ر به‌ڵێنی زاره‌كی و سۆزی عاتیفه بنیات نرابو. هه‌مو ئه‌مانه وایكرد كه كورد پێگه‌ی خۆی له به‌غدا لاواز بێت كه له‌سه‌ره‌تادا وا سه‌یر ده‌كرا كه زۆر به‌هێز بێت، به‌ڵام دواتر ورده ورده پاشه‌كشه‌ی كرد و لایه‌نه‌كانی تری وه‌ك سوننه و شیعه به‌هێزتر بون.
له به‌رامبه‌ردا دانا شه‌هید جەزا ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده له ده‌ستوردا داننراوه به مافی گه‌لی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع ئه‌مانه وه‌كو خۆی جێبه‌جێ نه‌كراون، بۆیه ئێمه وێڕای ئه‌وه‌ی كه متمانه‌مان به ئه‌و قۆناغه‌ی دوای (2003) هه‌یه كه بتوانێ عێراق به‌ره‌و كه‌نارێكی ئارام به‌رێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان وایه هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و قۆناغه.
ده‌شڵێت: ماده‌ی (140) چه‌ندین ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه و جێبه‌جێ نه‌كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێن مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراقی دوای (2003)، هه‌مان ده‌ره‌نجامی رژێمی پێشوی هه‌یه، چونكه نه حكومه‌تی عێراق ئه‌وه‌نده به‌هێزه كه هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می رژێم بێت، نه گه‌لی كوردستانیش ئه‌وه‌نده بێهێز و لاواز و بێ ئه‌زمونه كه بتوانێ ببێته‌وه ژێرده‌سته، به‌ڵام بێگومان ئه‌مه نیه‌تی پشتی په‌رده‌ی هه‌ندێ سیاسه‌تمه‌داری عێراق پیشان ده‌دات بۆیه ده‌بێ زۆر به وریایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه بكرێت.
پڕۆسه‌ی دیموكراسی له عێراق و هه‌رێم
ئازاد چالاك پێی وایه له سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی رزگاركردنی عێراق، باس له حكومه‌تێكی دیموكراسی ده‌كرا له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی دیموكراسی كه نمونه‌یه‌كی جوان بێ بۆ هه‌مو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه كورد له دوای رزگاركردنی عێراق پیشانی عێراق و هه‌مو لایه‌نه‌كانی تریشی دا، پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رچو. پێشتر باس له دیموكراسیه‌ت و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری سیاسی ده‌كرا له هه‌رێمی كوردستان، وای لێهات ورده ورده ئه‌و نمونه‌یه كاڵ بوه‌وه و دواتر عێراق توانی هه‌نگاوی باشتر بنێت له‌و روه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه تیرۆر ده‌ستێكی باڵای هه‌بو و شه‌ڕی نێوان شیعه و سوننه‌ش هه‌بو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌نگاوه‌كانی عێراق خێراتر و باشتر بو له‌ڕوی كاری په‌رله‌مانی و داموده‌زگایی و ورده ورده عێراق كه‌وته سه‌ر پێی خۆی و هه‌رێم ده‌ستی به پاشه‌كشه كرد.
هاوکات دانا شه‌هید جه‌زا پێی وایه عێراق به‌ئێستاشه‌وه له پڕۆسه‌ی به‌دیموكراسیبوندایه و نه‌یتوانیوه دیموكراسی بێت. ده‌شڵێت ناكۆكیه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق له ئێستادا شێوازێكی تره و كێشه‌كانی ئێستامان هه‌مان ئه‌و كێشانه نین كه‌له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس هه‌مانبو. كێشه‌كان زیاتر سیاسین و ململانێی سیاسین. له‌هه‌ندێك خاڵدا به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و هه‌رێم هاوبه‌شن، بۆیه هه‌میشه گرنگ بوه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا و بۆ ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه، عێراق له دوای (2003) له قۆناغێكی ناسه‌قامگیردا دروست بوه و ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی زۆری تێدا هه‌بوه، بۆیه تا ئێستا نه‌یتوانیوه خاوه‌ن بڕیاری خۆی بێت.
پرسی گه‌نده‌ڵی
ئازاد چالاك پەرلەمانتاری پێشوی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پێی وایه دوای روخانی رژێم و بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ، گه‌نده‌ڵی له سه‌ره‌تادا زۆر به فراوانی بونی هه‌بو، له هه‌رێمی كوردستان، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌مزنه په‌یڕه‌و نه‌كرێ، زۆر زیاتر ده‌ست درایه گه‌نده‌ڵی به‌تایبه‌ت كه پاره‌یه‌كی زۆر هه‌بو به‌هۆی داهاتی نه‌وتی عێراقه‌وه بۆیه هه‌مو ئه‌و پۆست و پلانه‌ی كه له عێراقیش كه‌وتنه ده‌ست كورد، هه‌موی به‌كارهێنرا بۆ گه‌نده‌ڵی و ده‌وڵه‌مه‌ندبونی حیزب له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه وایكرد كه هه‌رێم سودێكی ئه‌وتۆ نه‌بینێت له روخانی سه‌دام، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه له‌هه‌ندێ روی دیكه‌ی وه‌ك دیموكراسی و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی پاشه‌كشه‌ی كرد و به‌ره‌و ئه‌نجامی خراپتر هه‌نگاوی نا.
پێشتریش له لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی)، یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندبو كه ئەزمونی رابردو ئەوەمان پێدەڵێت کە دۆخی ناوخۆیی چاک نەکەین لە روی ئابوری و سەربازیی و سیاسی، بەدڵنیایەوە ناتوانین پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا دروست بکەین، بونی جیاوازی لە هەرێم شتێکی ئاساییە، بەڵام گرنگە ئەم ململانێیانە لە چوارچێوەی کەناڵە شەرعییەکان بێت و لە قازانجی هەرێم بێت. بۆیە چەندێک لە ناوخۆ بەهێز بین، لە بەغدا بەهێز دەبین و دەنگمان دلێر دەبێت، جگە لەوەش ئەگەر ئێستا خۆمان رێک نەخەینەوە، ئاوا ساڵانی ئایندە بۆ هەرێم باش نابێت.
یه‌كێك له به‌نده‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی نیوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆریه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ته به رێكخستنه‌وه و به‌نیشتمانیكردن و دامه‌زراوه‌ییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌جۆرێ: كه له به‌روه‌ندیی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بێـ و دور بێت له قۆرخكاری حیزبی و سیاسی.