راپۆرت 01:32 - 10/04/2019

سوپاى پاسداران؛ کارتێکی بەهێز بەدەست ئێران و ئەمەریکاوە

+ -

(سبەی):
دواجار ناکۆکییەکانى ئەمەریکا و ئێران گەیشتە ئەوەى ئیدارەى ترەمپ سوپاى پاسداران بخاتە لیستى تیرۆرەوە، ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت لێکەوتە و کاردانەوەى بەدوادا بێت بەتایبەت کە سوپاى پاسداران هەمیشە کارت و چەکێکى بەهێزبوە و هەردولا بەرامبەر یەکتر بەکاریان هێناوە.

چاودێران لەو بڕوایەدان بڕیارەکەى ئیدارەى ئەمەریکا لەبارەى سوپای پاسدارانەوە قەیرانێکی نوێی نێوان واشنتۆن و دەسەڵاتی سیاسیی تاران بهێنێتە ئاراوە بەشێوەیەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات، بەشێوەیەک نەک بەرپرسانى باڵاى ئیران تەنانەت وەزیرى دەرەوەى تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش داوایانکرد ئەمەریکا بەو بڕیارەدا بچێتەوە.

پاسداران جێگرەوەى سوپا!
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هێزێکی ناڕێکخراوەوە بوەتە جێگرەوەی سوپا رەسمی وڵاتی ئێران و ئەم دو هێزە بە دو ناوی (ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران) و (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) کە وەک لە ناوەکانیشدا دەردەکەوێت سوپای پاسدارانی ئەرکی پاراستنی شۆڕشی ئیسلامییە و ئەرتەش ئەرکی پاراستنی کۆماری ئیسلامییە لە ئێران.

دوای شۆڕشى گەلانی ئێران و روخانی سیستمی پاشایەتی لەو وڵاتە کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرکردایەتی روحەڵا خومەینی، سوپای فەرمی ئەو وڵاتە لە سالی (1979) ناوی فەرمی لە (ئەرتەشی پاشایەتی ئێران) بۆ (ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران) گۆڕا و زۆربەی فەرماندەکانی سەردەمی پاشایەتی ئەو سوپایە دورخرانەوە و ژمارەیەکیشیان بە تۆمەتی دژایەتی شۆرشی ئیسلامی لەسێدارە دران.

هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئەرتەش بۆ بەرپرسانی شۆڕشی ئیسلامی کارێکی ئاسان نەبو، چونکە سوپای فەرمی سەردەمی پاشایەتی ئێران بە یەکێک لە سوپا بەهێز و ئاکادیمییەکانی جیهان ئەژمار دەکرا کە لە ساڵی (1881)دا راگەیەنرابو، بەڵام دروستکردنی هێزێکی دیکەی هاوشان دەکرا ئاسانتر بێت تا کۆتاییهێنان هێزێکی فەرمی وڵاتێک بۆیە دوابەدوای روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەستکرا بە دروستکردنی هێزێکی چەکدار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو شۆڕشە.

دوای روخانی سیستمی پاشایەتی سوپای پاسداران وەک هێزێکی نارێکخراو و کۆمەڵایەتی لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا هاوکاریی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی دەکرد و دژی نەیارانی شۆڕسی ئیسلامی جموجۆڵ و چالاکیی ئەنجام دەدا تا بەهێزبونی ئەو شۆڕشە و سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی بەسەر ئێراندا کە دواتر بوە هێزێکی رێکخراوی سەربازی و فەرمی و لە ژێر ناوی (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) درێژەی بەکار و چالاکییەکانی دا و لق و پۆپەکانی پەلی هاویشتە ناو سیستمی حوکمڕانی و تەنانەت ئابوری و پیشەسازیی ئێرانەوە.

سەرەتاى دامەزراندن و ناکۆکیى لەگەڵ سوپا
لە سەرەتا بەفەرمی ناسینی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرەتاکانی ساڵانی (1979) ناکۆکیی و ئاڵۆزیی لەگەڵ سوپای فەرمیی ئەو وڵاتە لێدەکەوتەوە و تەنانەت چەند جارێکیش ئەو دو هێزە بە خوازراو و نەخوازراو روبەڕوی یەکتر بونەتەوە بۆیە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان داوە بە تەواوەتی سوپای فەرمیش کۆنتڕۆڵ بکەن لە رێگەی ئەو فەرماندە و جەنەراڵانەی خۆیان بۆ سوپاکەی دەستنیشانى دەکەن و ئێستادا دەتوانرێت بوترێت (ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران) لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە بەڵام بۆچونەکان بەو ئاڕاستەیەن کە سوپا بە لاوازییەوە ئەو سوپایە راگیراوە تا نەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی).

ئەوەی جێگەی سەرنجە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئابوریی و پیشەسازیی وڵاتەکەی دەدات و زۆربەی گرێبەست و کۆنتراکتە ئابورییەکان راستەوخۆ پێشکەشی ئەو هێزە دەکرێت کە لە بنەمادا هێزێکی سەربازییە و ئەمەش بە بەردەوامی جێگەی رەخنەی نەیارانی کۆماری ئیسلامی بوە، کە چۆن دەکرێت هێزێکی سەربازیی سەرجەم جومگە و پێگە ئابوری و پیشەسازییەکان کۆنترۆڵ بکات.

فەرمان لە کێ وەردەگرن؟
دەسەڵاتی سوپای پاسداران و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ئێران راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و هیچ جوڵەیەکیان بە بێ رەزامەندیی ئەو نییە و بە تەواوەتی لەژێر فەرمانی خامنەییدان ئەمەش بوەتەوە هۆکارێک وڵاتانی نەیاری ئێران لە کاتی دژایەتی دەسەڵاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا راستەوخۆ سوپای پاسداران بکەنە ئامانج.

ئەرکی سوپای پاسداران تەنها پاراستنی خاکی ئێران نییە، بەڵکو ئەو هێزە لە بنەمادا ئەرکی پاسەوانی لە بەرژەوندییەکانی دەسەڵاتی سیاسی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە لە سەرتاسەری جیهان ئەمەش وای کردوە و جموجۆڵ و چالاکیی ئەو سوپایە لە چوارچێوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا و سنورەکانی ئێران ببەزێنێت و هەوڵی کۆنتڕۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات لە رێگەی میدیا و میلیشیا چەکدارانیەوە، هاوکاتیش خۆی بە ئابوریی جیهانەوە ببەستێتەوە لە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی ئابوریی و پیشەسازیی وڵاتەکەیەوە.

سوپای پاسداران جگە لە ژمارەیەک میدیا و راگەیاندن خاوەنی ژمارەیەک بانکی سەرتاسەرییە لە وڵاتەکەی و ئەمەش سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە سەربازیی و مەبەستە سیاسییەکانی کە راستەوخۆ بڕیار و فەرمانەکانی لە خامنەییەوە پێدەگات، ئەوەش وایکردوە واشنتۆن بە هاوکاریى دارایى بۆ "تیرۆر" تۆمەتبارى بکات.

دەستوەردانەکانی سوپا لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سوپای پاسداران پەلی هاویشتوەتە نێو هێزە چەکدارەکانی لوبنان و سوریا و یەمەن و عێراق و راستەوخۆ لەو وڵاتانەش هێزی هاوشانی خۆی دروست دەکات و لە ساڵێ (2014)دا بە راوێژ لەگەڵ ئەو سوپایە لە عێراقیش هێزێکی چەکداریی شیعە بە ناوی حەشدی شەعبی پێکهێنرا بۆ مەبەستی بەرەنگاربونەوەی چەکدارانی داعش، بەڵام لە ئێستادا ئەو هێزە ئامادە نییە تێکەڵ بە سوپای فەرمی وڵاتەکەی ببێتەوە و بوەتە هێزێکی چەکداری سیاسی و کارتێکی سیاسی لە پێکهێنانی حکومەت و تەنانەت دژی بونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەکار دەهێنرێن.

لە لایەکی دیکەوە سوپای پاسداران تۆمەتبارە بە پێدانی موشەک بە چەکدارە حوسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵای لوبنان.

لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانى ئێران ئاماژە بە گرنگى و رۆڵى ئەو سوپایە دەکەن لە هێشتنەوەى "سەقمگیرى ناوچەکە" و رێگرى لە ئاڵۆزیى زیاتر تەنانەت چەندینجار ئەوەیان خستوەتەڕو کە ئەوان بون رێگەیان لە پەلکێشیى زیاترى داعش لە عێراق و تەنانەت هەرێمى کوردستان کرد، ئەوە جگە لەو رۆڵەى لە سوریا بینى.

لە سوپایەکى بەهێزەوە بۆناو لیستى تیرۆر
ئەمەریکا لە رۆژی (9)ی نیسان لە یادی (40) ساڵەی دامەزراندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بڕیاریدا ئەو سوپایە بخاتە لیستی تیرۆرەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە و سعودیە و بەحرەین دوابەدوای بڕیارەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە بەرەنگاربونەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لە بەرامبەردا تورکیا و عێراق بڕیارەکەیان بە هۆکاری زیادبونی ئاڵۆزییەکان لەناوچەکەدا لەقەڵەم دا.

گەورەترین ئەو هۆکارانەی ئەمەریکای وا لێکرد سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆررەوە بریتین لە ( بەرنامەی موشەکی بالیستی، بونی چەکدارانی لە عێراق و سوریا، تۆمەتی سیخوڕی لە کوەیت، تۆمەتی تەقینەوە لە سعودیە لە ساڵی (1999)، تەقینەوە لە هندستان و بەحرەین، هاوکاریی محەمەد مورسی سەرۆکی پێشوی میسر) و هەر بەم هۆکارانەش واشنتۆن سزای بەسەر محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارن و دامەزراوە نەوتی و گازییەکان و فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی و موشەکیدا سەپاندوە.

پێشتر سوپای پاسداران لە لایەن ئەوروپاوە سزا دراوە و سەرجەم حسابە بانکییە نێودەوڵەتییەکانیان راگیراوە و وڵاتی ئوسترالیا ژمارەیک فەرماندەی ئەو وڵاتەی تاک لایەن سزا داوە، بەڵام یەکەمجارە دەخرێتە لیستى تیرۆرەوە.

بە پێی بڕیارەکەی واشنتۆن کە لە (16)ی ئەمە مانگەدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەمەودوا هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلام ئێران وەک هێزێکی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم چالاکییەکانی ئەو هێزەدا و راستەوخۆش کاریگەریی لەسەر ئابوریی ئێران دادەنێت.

کۆتا کارتى واشنتۆن و لێکەوتەکانى
شارەزایان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە؛ بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سوپاى پاسداران کارتێکی بەهێز بوە کە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاری هێناوە و بە دوایەمین کارتی بەهێزی واشنتۆن لەقەڵەم دەدرا کە لە ئێستادا بەکارهاتوە و دەبێت چاوەڕێی دەرەنجامەکانی ببن کە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی تاران مل بدات بۆ بەشێک لە داواکارییەکانی واشنتۆن و لە باشترین حاڵەتدا خولێکی نوێی دانوستانی نێودەوڵەتی بۆ رێککەوتن لە نێوان ئەو دو وڵاتەدا دەست پێدەکاتەوە.

 

هاوکات چاودێران رۆڵى سعودیە لە بڕیارێکى لەو شێوەیە و لێکەوتەکانى دواى بڕیارەکە نادیدە ناگرن بەوپێیەى ریاز یەکێکە لە نەیارانى تاران و لەدواى بڕیارەکەشەوە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیى تەلەفۆنیى بە محەمەد بن سەلمانى شازادەى جێنشینەوە کردوە و جگە لە هەندێک پرسى ناوخۆیى و دوقۆڵى وەک کۆشکى سپى ئاماژەى پێکرد تاوتوێى دۆخى ئیران و دواپێشهاتەکانیان کردوە.

لەبەرامبەردا بۆچونێکى دیکە کە پشتى بە هەڕەشەکانى دەسەڵاتدارانى ئیران بەستوە، لەو بڕوایەدایە کە بڕیارەکەى واشنتۆن بائاسانى وەرناگیرێت و چاوەڕوانى هاتنە کایەى دۆخێکى نوێ دەکرێت لە ناوچەکە.