کوردستان 08:47 - 18/04/2019

سێ کۆڵبەر لەسەر سنورەکانی رۆژهەڵات و باشور گیانیان لەدەستدا

+ -

(سبەی):
سێ کۆڵبەری دانیشتوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری نێوان پیرانشار و هەرێمی کوردستان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڵاوی کردوەتەوە؛ سێ کۆڵبەری دانیشتوی گوندەکانی سەردەشت و پیرانشار بەهۆی سەرماوە لە بەرزاییەکانی (کانی خوا) گیانیان لەدەستداوە و دو کۆڵبەری دیکەش بە هەوڵی خەڵکی ناوچەکە دۆزراونەتەوە و رزگارکراون.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەو سێ کۆڵبەرە ئێوارەی سێشەممەی رابردو بە مەبەستی کاری کۆڵبەری رویان لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان کردوە و بەهۆی سەرمای ئەو ناوچەیەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارێکی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە (13) کۆڵبەر بەهۆی سەرماوە لەسەر سنورەکان گیانیان لەدەستداوە سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆڵبەران بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە و برینداربون.