راپۆرت 08:59 - 18/04/2019

"پۆبجی قەدەغەکرا .. گەندەڵیش قەدەغە بکەن"

+ -

(سبەی):

ئامادەکردنی: لاوک ئەمجەد

دواجار عێراق بڕیارى قەدەغەکردنى ئەو یاریەى دەرکرد کە (400) ملیۆن کەسی لەسەرتاسەرى جیهان بە خۆیەوە سەرقاڵکردوە، بەکارهێنەران و چالاکوانانیش دەڵێن: دوای قەدەغەکردنی یاری پۆپجی، روبەڕوی گەندەڵی و بێکاری و کەمی خزمەتگوزاریش ببنەوە، حکومەتی هەرێمیش دەڵێت: قەدەغەکردنی ئەو یارییە پێویستی بە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران هەیە.



یاری پۆپجی چییە؟
(پلەیەرئەنناون باتڵگراوند) ناسراو بە یاری (پۆپجی) یاخود مەیدانی جەنگی نەزانراو، لە (23/3/2017) بڵاوکرایەوە و لە ماوەیەکی کەمدا زۆرترین بەکارهێنەری بەلای خۆیدا راکێشا.
ئەو یارییە لەلایەن کۆمپانیای (تینسنت)ەوە بە هەماهەنگی کۆمپانیای (بلوهۆڵ) پەرەی پێدراوە، بەپێی دواین ئامارەکان، زیاتر لە (400) ملیۆن کەس لە جیهاندا سەرقاڵی ئەو یارییەن، رۆژانەش (86) ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە.


کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان
بەهۆی ئالودەبونی بەکارهێنەرانەوە بەو یارییە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بەدوای خۆیدا هێناوە، کار گەیشتوەتە حاڵەتی جیابونەوەى هاوسەران و سەرگەردانبونى بەشێک لە بەکارهێنەرانى، ئەوەش وایکردوە چەندین فتوا و بڕیار دەربکێت سەبارەت بە حەرامکردن و قەدەغەکردنی ئەو یارییە.



هندستان یەکەم وڵات بو قەدەغەی کرد
لەماوەی رابردودا دەسەڵاتدارانی هندستان بە فەرمی بڕیاریاندا بەوەی هەر کەسێک یاری پۆپجی بکات، زیندانی دەکرێت و بەهۆی ئەوەشەوە چەندین کەس دەستگیرکراون.
بەدوای هندستانیش ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهان ئەو یارییەیان قەدەغەکرد، لەوانیش میسر و سوریا و دواتریش عێراق.

بڕیارەکەى عێراق
لە دانیشتنی رۆژی (17/4/2019) پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانەی کە خەڵک هاندەدەن بۆ کارو کردەوەی توندوتیژیی وەک یارییەکانی پۆبجی و فۆرتنایت و نەهەنگی شین.

بڕیارەکە پشت بەستوە بە مادەی (59)ی دەستوری عێراق، هەروەها کاریگەریی خراپی ئەو یارییانە لەسەر دەرون و رۆشنبیری و ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراقی و مەترسی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەسەر منداڵان و گەنجان و خوێندکاران و قوتابخانە و زانکۆکان و کاریگەری خراپ لەسەر ئاسی خوێندن پەروەردەی خوێندکاران.

بەپێی دەقی بڕیارەکە؛ داوا لە حکومەت دەکرێت هەمو ئەو رێکارانە بگرێتەبەر کە پەیوەندیی بە قەدەغەکردنی ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانەوە هەیە بەتایبەتی یارییەکانی (پۆبجی و فۆرتنایت و بلوەیڵ- نەهەنگی شین) و هەمو ئەو یارییانەی کە هاوشێوەن، کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و پەروەردە و خوێندن هەیە لەسەر سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.
بەپێی بڕگەی دوەمی بڕیارەکە، وەزارەتی پەیوەندی و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان راسپێردراوە سەرجەم رێکارە هونەرییەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی.



چالاکوانان: لەدوای پۆپجی، گەندەڵیش قەدەغە بکەن
بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کاردانەوەی جۆراوجۆری لەنێو بەکارهێنەرانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێوەیەک هەندێک پاڵپشتى و هەندێکیش دژى دەوەستنەوە.
ئەوەى جێى سەرنجە ئەوەیە کە بەشێک لە چالاکوانان و هاوڵاتیان بەپێویستى دەزانن؛ دوای ئەوەی پۆپجی قەدەغە کرا، حکومەت گەندەڵیش قەدەغە بکات و خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵک بکات و هەلی کار بڕەخسێنێت.

سەمیرە داود، چالاکوان و بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی لەو بڕیارە هەیە و پێیوایە دەستوەردانە لە ئازادی تاکەکەسی، داواش دەکات پەرلەمان لەبری قەدەغەی ئەو یارییە، کێشەی عێراق و هاوڵاتیان و نەبونی کارەبا و گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری چارەسەر بکات.

دەشڵێت: "سەرباری ئەوەی دژی ئەو جۆرە یاریانەم، بەڵام کێشەی گەورە هەیە لە وڵاتدا و دەبێت زوتر ئەوان چارەسەر بکرێن".

هاوکات هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەمەد باس لەوە دەکات، پێویستە پەرلەمان و حکومەت بەدوای ئەو هۆکارانەدا بگەڕێن کە هاوڵاتیان ناچار دەکات پەنا ببەنە بەر یارییە ئەلیکترۆنییەکان، لەوانەش بێکاری و نەبونی هەلی کار.



"بڕیارەکە 30 ملیار دینار لەسەر عێراق کەوتوە"
لە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقەوە لە ئەیلولی ساڵی رابردو، ئەو دوەم بڕیاری پەرلەمانە کە پەسەندکراوە، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی وڵات.
عومەر حەبیب سەبارەت بەو بڕیارە دەڵێت: بڕیاری قەدەغەکردنی پۆپجی زیاتر لە (30) ملیار دینار لەسەر عێراق کەوتوە، چونکە ئەوە یەکەم یاسایە لەماوەی حەوت مانگی دەستبەکاربونی پەرلەمانی عێراق، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا موچەی (325) پەرلەمانتار و پاسەوان و بەڕێوەبەری نوسینگەکان و فەرمانبەرانی پەرلەمان دراوە.



هەرێم پۆپجی قەدەغە دەکات؟
دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی قەدەغەکردنی یاری پۆپجی و ژمارەیەک یاری ئەلکترۆنی دیکە، هاوڵاتیان و بەکارهێنەران ئەو پرسیارەیان لادروست بوە کە ئاخۆ بڕیارەکە هەرێمیش دەگرێتەوە یاخود نا، چونکە زۆرێک لەو بڕیارانەى لە ناوەند دەردەکرێن هەرێم ناگرنەوە.

لەوبارەیەوە ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكومه‌ت هه‌رێمى كوردستان راگه‌یاند؛ تائێستا وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ رێنماییه‌كى بۆ فلته‌ركردن یاخود راگرتنى یارییه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌‌، له‌ حاڵه‌تێكیشدا ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌رێمى كوردستانیش پابه‌ندبكات، پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێت، چونكه‌ كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت مۆڵه‌تیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتوه‌.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكومه‌ت ئاماژەی بەوەشکردوە، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و پەرله‌مانەوە ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ردرا، ئه‌وكات وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێتی فایبه‌ر و وایه‌رلیس ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، له‌ سێرڤه‌رى سه‌ره‌كى بلۆكى ئه‌و سایتانه‌ بكه‌ن، تا چالاكى یارییه‌كان له‌ ئینته‌رنێتدا رابگیرێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كۆمپانیاكان سزا ده‌درێن.