راپۆرت 08:00 - 19/04/2019

پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان؟

+ -
(سبەی):

راپۆرتی: لاوک ئەمجەد

هەوڵ و گفتوگۆکان لەنێوان هەرێم و ناوەند بەردەوامن هەماهەنگیش هەیە، بەڵام هێشتا رێککەوتن و بڕیارى یەکلاکەرەوە نییە بۆئەوەى هێزى پێشمەرگە بگەڕیتەوە ئەو ناوچانەى دو ساڵ لەمەوبەر و لە دواى روداوەکانى (16)ى ئۆکتۆبەرەوە لەدەستى داون، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هێزى پێشمەگە کەى دەگەرێتەوە و بۆ کام لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە؟

لەدەستدانى خاک
دوای ئەوەی لە رۆژی (16)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (2017) و لە ئەنجامى بڕیارى هەڵە و تاک لایەنەى حیزبیى، لەماوەی تەنها (24) سەعاتدا کورد (51٪)ی خاکەکەی لەدەستدا و هێزی پێشمەرگە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کشایەوە، ئێستا ماوەی یەک ساڵ و نیوە کورد هیچ هێزێکی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان نییە.



دواى هێوربونەوەى دۆخەکە و بەرەوپێشچونەوەى پەیوەندییەکانى هەرێم و ناوەند، رۆژی (15/4/2019) شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبونەوە.

بە وتەی ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌؛ ئامانجی سەردانی شاندەکەی عێراق گه‌یاندنی نه‌خشه‌ی نوێی دابه‌شبونی هێزه‌ عێراقییه‌كان بوە، جەبار یاوەر دەڵێت: "نەخشە نوێیەکە پشتی بەستوە بە نوێترین روپێوی فەرمانگەی (روپێوی سەربازیی عێراق) کە لە خانەقینەوە تا ناوچەی رەبیعە بونی هێزە عێراقییەکان دەستنیشانکراوە.

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە ئامانج له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ بۆ ئەوەیە کە ئه‌و ناوچانه‌ دیارى بكرێن كه‌ نه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌ و نه‌ هێزی عێراقیی.



جموجوڵەکانی داعش ترسی دروستکردوە
لەدوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەرەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدرێژایی هەزار کیلۆمەتر لە ناوچە جێناکۆکەکان کشاوەتەوە بۆیە دوبارە داعش بوەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئەو ناوچانە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوە دەکات، لە هەندێک ناوچە بە درێژایی (20 بۆ 30) کیلۆمەتر هیچ هێزێکی ئەمنیی ئامادەیى نییە، پێیوایە ئەو دۆخە رێگەی خۆش کردوە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە خۆیان حەشار بدەن و جموجۆڵیان هەبێت، بۆیە دەڵێت: "هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەیە کە چۆن لە داهاتودا کاری هاوبەش بکەین بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە".



پێشمەرگە و سوپای عێراق رێککەوتون؟
جەمال ئیمنكی، سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەى دواین پێشهاتەکانەوە دوپاتى دەکاتەوە کە لیژنەی هەردو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگەی هەرێم نەخشە و شوێنی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بە رونی دیاریكردوە و دەڵێت:"هەرێم و بەغدا لەبارەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان گەیشتونەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەى کارى هاوبەش بکەن"، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە گەڕانەوەى یەکجارى هێزى پێشمەرگە ناکات بۆ ئەو ناوچانە.




لاى خۆیەوە هەرێم کەمال ئاغا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە مافى کوردى دەزانێت پێشمەرگە بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی ماددەی (140) بەهۆی ئەوەی تا ئێستا چارەنوسیان یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەو بە (سبەى) وت:"پێکهاتە و خەڵکی جیاواز لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان هەن، ئەو خەڵکەش پێیان خۆشە کە هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە".

سەبارەت بە کۆبونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دروستکردنی ژمارەیەک لیژنە لەوبارەیەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری رونیکردەوە، لە دواین کۆبونەوەی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە، عێراق روپێوییەکی داوە بە هەرێم سەبارەت بەو شوێنانەی سوپای عێراقی لێیە و وەزارەتی بەرگری دەیەوێت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە، بە هێزی هاوبەش پڕبکرێتەوە.

کورد داوای چی دەکات؟
لایەنى کوردیى دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی (2008 و 2009) هێزی هاوبەش لە تەواوى ناوچە  دابڕێنراوەکان ئامادەیى هەبێت، بەڵام لایەنی عێراقی دەیەوێت لەو ناوچانە هێزی هاوبەش بونی هەبێت کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە و چەکدارانی داعش مۆڵگە و حەشارگەیان هەیە تێیاندا وەک قەرەچوغ و مەخمور و حەمرین.

لەوبارەیەوە ئەندامە کوردەکەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى دەڵێت:"کورد ئامانجی ئەوەیە پێشمەرگە بگەڕیتەوە تەواوى ناوچەکان بە کەرکوکیشەوە، بەڵام تائێستا لایەنى عێراقى بە پێچەوانەوە رای لەسەر بونی هێزی پێشمەرگە نییە لە کەرکوک، هەربۆیە وەزارەتی بەرگری عێراق جددی نییە لە دروستبونی هێزی هاوبەش لە تەواوى ناوچە دابڕێندراوەکان".



"گەڕانەوەی پێشمەرگە لە بەرژوەندی هەموانە"
جەبار یاوەر باس لەوە دەکات، جگە لە هەوڵەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ رێککەوتن، هاوکات ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانانیش پێشنیازیانکردوە کە پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ناوچانە جێناکۆکەکان بەڕێوەببەن.

هاوکات ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بە بەرژەوەندی هەرێم و عێراق و خەڵکی ناوچەکانیش دەبینێت، لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا لەوبارەیەوە هیچ دانیشتنێکیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق نەکردوە و "لایەنە عێراقییەکانیش رای جیاوازیان هەیە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان".