راپۆرت 06:11 - 23/04/2019

کەرکوک خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ئامادە دەکات

+ -

(سبەی):

رۆژنامەی زەمەن- بەهادین یوسف

هێشتا چارەنوسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق رون نییە، بۆ کەرکوک هەلومەرجەکە جیاوازەو چاوەڕێ دەکرێت دوای (15) ساڵ، جارێکی تر خەڵکی ئەم پارێزگایە دەنگ بۆ ئەنجومەنێکی نوێ بدەن.

رۆژی (30)ی کانونی دوەمی (2005) یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و لەناویاندا کەرکوک بەپێی یاسای پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکا بەڕێوەچو، ژمارەی کورسی ئەنجومەنی سەرجەم پارێزگاکان بێجگە لە بەغدا بە (41) کورسی دیاریکرا، لەوکاتەوە تائێستا بێجگە لە کەرکوک، دو هەڵبژاردنی دیکە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوە لە ساڵانی (2009) و (2013).

هەرچەندە بڕیاربو ساڵی (2017) هەڵبژاردنی سێیەم بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و دۆخی ئەمنی و سیاسییەوە تائێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرسە نەدراوە.

بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان، وادەکەی لە نێوان کۆتایی ئەمساڵ یان مانگی نیسانی (2020) یەکلا نەبوەتەوەو رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوەو تائێستاش پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەند نەکردوە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشنیازی مانگی کانونی دوەمی (2020)ی کردوەو ئەگەر هەیە ئەو وادەیە بە تەواوەتی بچەسپێ. دوای (15) ساڵ کەرکوکیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەخۆیەوە دەبینێ.

بۆ خولی داهاتو، کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە (41) کورسییەوە بۆ (12) کورسی کەم دەبێتەوە.

بەپێی دابەشکاریی ئێستای کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی کەرکوک لە پەرلەمان؛ کورد شەش کورسی، تورکمان سێ و عەرەب سێ کورسییان هەیە.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەگەر کورد دەیەوێ زۆرینەی ئەنجومەن مسۆگەر بکات و پۆستی پارێزگاری لە دەستنەچێ، ئەوا دەبێ بەیەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات.

عەسکەری بۆ رۆژنامەی (زەمەن) وتی: "ئەگەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کورد یەک لیست بوایە، ئەوا کورسییەکی دیکەی دەبردەوەو دەبوە حەوت کورسی، بەڵام بە دەنگێکی کەم ئەو کورسییە بۆ تورکمانەکان یەکلایی بوەوە. لەو دەنگدانەدا نزیکەی (40) هەزار دەنگی کورد لەبەر پەرتەوازەیی بە فیڕۆ چو".

بەپێی یاسای ژمارە (36)ی ساڵی (2008)ی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێبەشکرا، تا ئەوکاتەی بەپێی یاساکە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان راستدەکرێنەوەو تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە پاکدەکرێنەوە. هەروەها پۆستەکانی کەرکوک بەڕێژەی (32٪)ی لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان دابەش دەکرێت. بەڵام لە یاسای ساڵی (2018) ئەو کۆتوبەندانە لەسەر هەڵبژاردنی کەرکوک لابراوە.

ئەحمەد عەسکەری جەختیکردەوە، هیچ دەقێکی یاسایی نییە رێگری بکات لەبەردەم هەڵبژاردن لە کەرکوک، بێبەشکردنی پارێزگاکەش لە هەڵبژاردن نایاسایی و نادەستورییە.

“پێشتر بۆیە هەڵبژاردن لە کەرکوک دوا دەخرا تا ئەم دۆخەی ئێستا دروستبێ و کورد لە کەرکوک بێدەسەڵات بکرێ. بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوکدایە". بەشێکی تر لە قسەکانی ئەحمەد عەسکەری بو.

کورد لەوباوەڕەدایە دوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر، بارودۆخەکە لە کەرکوک لەبەرژەوەندی تورکمانە شیعەکاندایە، لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشوی کەرکوکدا نەیانتوانیوە کورسیەکیش بەدەستبهێنن، بەڵام لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە کۆی سێ کورسی تورکمان دو کورسی بۆ تورکمانە شیعە مەزهەبەکانی کەرکوک بو.

سەرباری ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک، بەڵام تورکمان و عەرەبەکان لە کەرکوک داوای گۆڕینی ستافی ئێستای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک دەکەن و تۆمەتباریان دەکەن بە: "ئاسانکاریی و بەشداریکردن لە ساختەکاریی و خروقاتدا".

عەبدولباست دەروێش، وتەبێژی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک تۆمەتەکان رەت دەکاتەوەو دەڵێت: دادگای فیدراڵی تۆمەتەکانی سەر کۆمیسیۆنی رەواندەوە، لەوبارەیەوە بۆ (زەمەن) وتی: "وەک ئۆفیسی کەرکوک کە لایەنێکی جێبەجێکارە، دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردوە بۆئەوەی لە وادەی پێشنیازکراوی خۆی کە کۆتایی ئەمساڵە، هەڵبژاردن لە کەرکوک بەڕێوەبچێ و ئێستا لە قۆناغی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانداین".

بەپێی دوائامارەکان، ژمارەی دەنگدەرانی سنوری پارێزگای کەرکوک زیاتر لە (950)هەزار دەنگدەرە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتو رەنگە لە یەک ملیۆن دەنگدەر نزیک بێتەوە. وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک ئاماژە بەوە دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە دایکبوانی ساڵانی (2001) و (2002) بەشداریی دەنگدان دەکەن، بۆیە پێویستە سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ تۆمارکردن و دڵنیابونەوە لە بونی ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران.

بەپێی مادەی (35) لە یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2018)ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەهەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک دەکات، ئەگەر پێش هەڵبژاردن نەکرا ئەوا لەماوەی شەش مانگ دوای هەڵبژاردنەکان وردبینی تۆماری دەنگدەران دەکرێت، لەگەڵ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان (بێجگە لە پۆستە ئیتحیادییەکان) و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکەش بۆ ئامانجی رێكاری ئیداری و یاسایی پهیوهست به داهاتوی پارێزگای كهركوك بهكارناهێنرێ.

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئێستا لە (41) ئەندام پێكدێت، (26) ئەندام لە لیستی برایەتی کەرکوک، (9) ئەندامی توركمان و (6) ئەندامی عەرەب.