پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکوک، پێش روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر

راپۆرت 09:16 - 23/07/2019

دوای (15) ساڵ هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت

+ -

(سبەی):
پەرلەمانی عێراق، هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی پەسەند کرد و دوای (15) ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت.

درەنگانی شەوی رابردو و دوای زیاتر لە هەشت سەعات گفتوگۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق (ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا رێکنەخراون) ژمارە (12)ی ساڵی (2018)ی پەسەند کرد.

بەپێی هەمواری یاساکە، تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (1/3/2020) کۆتایی دێت و (1/4/2020) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەناویاندا کەرکوک ئەنجامدەدرێت.

بەپێی هەموارە نوێیەکە، بۆ هەر پارێزگایەک (10) کورسی ئەنجومەنی پارێزگا دیاریکراوە، بەڵام هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانی لە یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت، ئەوا هەر (200) هەزار کەس کورسییەک زیاد دەکرێت بۆ کۆی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە.

کەرکوک؛ ناکۆکیی سەرەکی

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک جارێکی دیکە بوە هۆی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان و عەرەب و تورکمانەکان دەیانویست لە هەموارەکەدا جێگیری بکەن کە ئەنجومەنی ئێستای کەرکوک هەڵبوەشێتەوە و هاوشێوەی رابردو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامنەدرێت تا ئەوکاتەی تۆماری دەنگدەران رێکدەخرێتەوە و  پاکدەکرێتەوە و ناوی هەمو ئەو کەسانە لە تۆمارەکە دەردەکرێت کە دوای ساڵی (2003) کۆبۆنی خۆراکیان گەڕاوەتەوە بۆ شارەکە، پۆستە ئیدارییەکانیش وەک یەک لەنێوان سێ پێکهاتەی شارەکە (کورد، عەرەب، تورکمان) دابەش بکرێت، بەڵام دواجار فراکسیۆنەکان گەیشتنە داڕشتنەوەیەک و هەموارەکە پەسەند کرد.

پەیامنێری (سبەی) لە بەغدا باسی لەوەکرد بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگدان لەسەر کۆی یاساکە راگیرا بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە کەرکوک بەهۆی ئەوەی لایەنەکانی تورکمان و عەرەب جەخت لەسەر پڕۆژەکەی پێشوییان دەکەنەوە بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی ئەو پارێزگایە لەنێوان نەتەوەکان، لەبەرامبەردا لایەنی کوردیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت کەرکوکیش وەکو پارێزگاکانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

مادەی تایبەت بە کەرکوک


بەپێی بڕگەی حەوت لە مادەی (35)ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پابەندە بە هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک لەنێوان کۆبۆنی خۆراک و رەگەزنامەی شارستانی لە ماوەیەکدا کە لە (31)ی کانونی یەکەمی ساڵی (2020) تێپەڕنەکان، لەگەڵ لابردنی ئەو ناوانەی هاوتانین لەنێوان هەردو تۆمارەکەدا، جگە لەو رێکارانەی کە بەپێی مادەی (140) دەستور و لیژنەی بەدواداچونی راستییەکان گیراونەتەبەر بۆ بەشداریی دەنگدەران.

بەپێی بڕگەی هەشتی مادەی (35)یش کە هەر تایبەتە بە کەرکوک، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پابەند کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بە پێی رێنماییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەژماری دەنگەکان بە دەستی و ئەلیکترۆنی بەتایبەتی ئەو سندوقانەی تانەیان لەسەرە.

بێبەش کردنی کەرکوک لە هەڵبژاردن

 

 یەکەم هەڵبژاردن کە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی ساڵی (2005) بو بە پێی یاسای پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق، دواتر ئەو شارە لە هەردو هەڵبژاردنی ساڵی (2009) و (2013) بێبەشکرا، بەوەش لەماوەی (14) ساڵی رابردودا هیچ هەڵبژاردنێکی پارێزگاکان لەو پارێزگایە ئەنجامنەدراوە و بڕیارە لە هەڵبژاردنی چوارەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی (2020) بەشداریی بکات.

ژمارەی کورسییەکان

لە ئێستادا ژمارەی کورسییەکان ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (41) کورسییە، کە بەپێی یاساکەی پێشو دیاری کرابو، بەڵام بۆ خولی داهاتو، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بە (1.639.953) دیاریکراوە، بەپێی یاساکەش لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە لە یەک ملیۆن زیاترە ژمارەی کورسییەکانی بە (14) کورسی دیاریکراوە، (13) کورسی گشتی، (10) کورسی بۆ پیاوان، سێ کورسی بۆ کۆتای ژنان و یەک کورسی بۆ کۆتای مەسیحییەکان.


 

دابەش بونی کورسییەکان

بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، دابەشبونی (41) کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگا، لیستی برایەتی کەرکوک زۆرینەی ئەنجومەنەکەیە و (26) ئەندامی هەیە، لیستی تورکمانەکان نۆ کورسییان هەیە، پێکهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامی هەیە.

 

بەڵام بەپێی دەرەنجامی دو هەڵبژاردنی رابردوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوشارە، لە کۆی (12) کورسی بەرکەوتەی شارەکە ژمارەی کورسییەکانی کورد شەش کورسی و کورسییەکانی عەرەب و تورکمان پێکەوە شەش کورسی بوە، رون نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەو دابەشکاریی دەنگ و کورسییانە چۆن دەبێت.

 

دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کاتێکدایە، کە لە دوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (2017) تائێستا کورسی پارێزگار کە پشکی کوردە بەتاڵە و لەلایەن راکان جبورییەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، دوای زیاتر لە (19) مانگ، یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ئەندازیار تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و هیچ رێککەوتنێکیش لەگەڵ هەردو پێکهاتە و فراکسیۆنی عەرەب و تورکمان نەکراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار لەناو دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاوە.