راپۆرت 09:27 - 18/08/2019

چۆن دەتوانرێت سۆشیال میدیا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تاکی کورد هەبێت

+ -

(سبەی):
هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەرى ئەرێنییان لەسەر تاکى کورد هەبێت و شارەزایان پێیانوایە؛ کاریگەرییەکان دو لایەنن، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەى هۆشیارکردنەوەى ئاستى تاک بەتایبەت گەنجان و پەروەردە و فێرکردنەوە کەشێک دروست بکرێت کاریگەرى ئەرێنییان زیاد بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پێنجەمین کۆنفڕانسی رێکخراوی (YOUTH COUNCIL) تایبەت بە بە کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر گەنجان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، بیزا برزۆ سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە و دامەزرێنەری رێکخراوەکە دەڵێت؛ هەرجارێک لەسەر بابەتێک کە لەگەڵ واقعی ژیانی تاکی کۆمەڵگای کوردیدا نزیک بێت کۆنفڕانس ئەنجام دەدەین، ئەمجارە جەختمان کردوەتەوە سەر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە کاریگەرییەکیان هەیە لە سۆشیال میدیا ئاگادار ببنەوە لە ئەرک و مافەکانیان وەک ئەوەی چۆن دەتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنیان هەبێت لەسەر تاکی کورد.




ژیانى رۆژانەى ئیستاى تاکى کورد پەیوەستە بە سۆشیال میدیاوە
ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ژیانى زۆرێک لە کۆمەڵگەکانى داگیر کردوە، لەبارەى کاریگەرییەکانى لەسەر تاکى کورد، بیزا برزۆ بڕواى وایە کە ژیانی رۆژانەی تاکی کۆمەڵگای کوردی-ش زۆر پەیوەستە بە سۆشیال میدیاوە و دەڵێت: "ئەو کەسانەی کە کاریگەرییەکی زۆریان هەیە دەتوانن تا رادەیەکی زۆر بە ویستی خۆیان ئاڕاستەی کۆمەڵگا بەرەو ئەو لایەنە بەرن کە مەبەستیانە، بۆیە ئێمە لیرەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە لایەنی تەندروست بخەینەڕو کە دەتوانرێت  سۆشیال میدیای تێدا بەکاربێت و پەیوەندییەکی تەندروستمان هەبێت لەگەڵ یەکتر وەک لە پێچەوانەکەی".

کاریگەرى ئەرێنى و نەرێنیشى هەیە
مامۆستایەکى زانکۆ پێیوایە کاتێک سۆشیال میدیا بە خێرایى هاتە نێو كۆمەڵگەى کوردییەوە، کۆمەڵگا هێشتا بەتەواوەتى ئامادەیی بۆ ئەو گۆڕانكارییە تازەیە نەبو لەبەرئەوە زۆر بە خێرایی كرایەوە بە رویدا و "ئەمانەش بە دڵنیاییەوە دەرهاویشتەی خۆی دەبێت و كاریگەری ئەرێنى و نەرێنیشى دەبێت".



د. ئاشتى حەمەساڵح، مامۆستاى راگەیاندن لە زانکۆى سلێمانى، دەڵێت:"لە نامەی  دكتۆراكەمدا كە لەسەر بەها باڵاكانی كۆمەڵگا ئەنجاممدا و خوێندکارانى زانكۆی سلێمانیم بە نمونە وەرگرت و لە رێگەی چاودێریكردنی لاپەڕە كەسییەكانیانەوە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی خۆشبەختانە گەنجی كورد بەها كۆمەڵایەتییەكانیان و بەها نیشتیمانپەروەرییەكانیان زۆر بەرز بو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرینەی جارەكان بە رەخنە گرتن هەوڵی گەیاندنی پەیامەكانیان دەدەن و گەنج چوەتە ناو بابەتی رەخنەگرتنەوە لەنێوان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەوەش بەوپێیەى لە تۆڕی كۆمەڵایەتیدا مەیدانێكی گەورەی ئازادی هەیە و تا رادەیەكی زۆر خەڵك دەتوانن ناخی خۆیان و ئەوەى دەیانەوێت گوزارشتى لێبکەن دەرى دەبڕن، گەنج ئەوەی ناتوانێت لە دەرەوە بە ئازادی دەری ببڕێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر و جوانتر و ئازادتر دەریدەبڕێت".

ئەو مامۆستایەى زانکۆ باس لەوەش دەکات کە یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە هەندێک لە گەنجان زیاد لە لاپەڕەیەکیان هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە هەندێکیان وەهمی و لەژێر ناوى خوازراودان "لەو نێوەندەدا دەكرێت لاپەڕەیك بۆ كاری خراپ بەكاربهێنرێت، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆئەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەندێکجار خراپ بەكارهێنانی لێبکەوێتەوە چونکە شاردنەوەى کەسایەتى تێیدا ئاسانە، کاریگەرییەکى دیکەى خراپى سۆشیال میدیا بەفێڕۆدانى زۆرى کاتی بەکارهێنەرانیەتى کە هەندێکجار دەشتێت گەنجان بەرەو ئالودەبون ببات".

هاوکات ئەوە دەخاتەڕو، لەگەڵ ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەدا دەتوانرێت سود لە بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەربگیرێت لەروى تازەكردنەوەی هاوڕێیەتی و ناسینی کەسانى نوێ و كەلتور جیاواز و بەدەستگەیشتنى زانیارى زۆر و جیاواز".

ئەو کێشانەى روبەڕوى گەنجان دەبنەوە
رێکخەرى کۆنفرانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجیان ئەوەیە لە هەمو پارێزگاکانی کوردستان گەنج کۆ بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە دیاری بکەن کە روبەڕویان دەبێتەوە وتى: "لە تەوەرى ئەمجارەدا کە لەسەر سۆشیال میدیایە ئەو کێشانە وەردەگرین کە روبەڕوى گەنجان دەبنەوە بۆئەوەى چارەسەریشیان بۆ بدۆزینەوە، چارەسەرەکان دەکرێت لەسەر ئاستی تاکەکەسی بێت و دەکرێت لەسەر ئاستی کۆمەڵگا بێت ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ بڕیار بەدەستان و دەمانەوێت گەنج بە شێوازێکی تەندروست رای خۆی دەردەبڕێت، دەکرێت ئەو بۆچونانەش بخرێنە بواری جیبەجێکردنەوە و کۆمەڵگایەکی تەندروستمان هەبێت و کاربەدەستانیش ئاگادار دەکەینەوە لەو کێشانە بۆئەوەى بتوانن وردتر ئاگاداری ئەو کیشانە بن کە روبەڕوی تاکی کورد دەبێتەوە".