راپۆرت 10:02 - 25/08/2019

ئیسرائیل: ئەمەریكا لە جەنگی دژی ئێراندا بەتەنها جێیهێشتوین

+ -

(سبەی):

ئامادەکردنی: لاوک ئەمجەد

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و عێراقی بردە قۆناغێکی نوێوە، بە جۆرێک سەرباری ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل هاوپەیمانی ستراتیژین و هاوڕان لەسەر روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئێران، بەڵام تائێستا هیچ هەماهەنگییەک بەدی ناکرێت بەتایبەت لە بابەتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر حەشدی شەعبی و دیاريش نییە کە ئاخۆ ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردوە یاخود نا، بەتایبەت کە عێراق بە هاوپەیمانی سەرەکی خۆی دەزانێت، لە بەرامەریشدا حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە ئێران هۆشداری دەدەن و دەڵێن: ئەو کارانە بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا چەند تەقینەوەیەک کۆگای چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە بەغدا و سەڵاحەدین کردە ئامانج، راستەوخۆ گومانەکان بە ئاڕاستەی ئیسرائیل چون، بەتایبەت کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشتر هۆشداری دابو لەوەی لە هەر کوێ مەترسییان لەسەر بێت، پێگەکانی ئێران دەکەنە ئامانج و دەست ناپارێزن.

هەرچەندە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران) لەدواین کۆبونەوەیاندا کە پێنجشەممەی رابردو بەڕێوەچو، ئاماژەیان بەوەکرد کە دەبێت عێراق بە دور بێت لە کێشەی هەرێمی و بون بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، بەڵام نەبونی هەڵوێستێکی رون و راشکاو لەبارەی ئەو هێرشانەوە، هێزە سیاسیی و کەسایەتییەکانی عێراقی توڕە کردوە بە تایبەت شیعەکان و پێیانوایە؛ کە عێراق دەبێت وەڵامی توندی هەبێت و حەشدی شەعبیش روبەڕوی ئەو هێرشانە بوەستێتەوە، بەڵام بۆچونێکی دیکە پێیوایە، کە ئەوەی پێویستە لەسەر حەشدی شەعبی بێتە دەنگ و وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە، ئێرانە نەوەک عێراق.

بەرپرسێکی پێشوی هەواڵگری ئەمەریکا: میلیشیاکانی ئێران چەک کۆدەکەنەوە بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا



بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت دەکەنەوە لەوەی ئیسرائیل بەرپرسی سەرەکییە لە هێرشەکانی سەر عێراق ئەوەش لەپێناو بە ئامانجگرتنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەرپرسێکی پێشوی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندوە؛ کە ئێران لەرێگەی عێراقەوە چەک و تەقەمەنی کۆدەکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەکرد؛ کە هێرشەکان وەک نامەیەک وایە بۆ ئێران کە ئەو وڵاتە لە هیچ شوێنێک پارێزبەندی نییە و هەرکاتێک ببێتە مایەی مەترسی بە ئامانجی دەگرن.

ئیسرائیل بڕیارەکەی عێراقی پێشێلکرد !
رۆژی (15/8/2019)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بە هەڵوەشاندنەوەى تەواوى ئەو رەزامەندییە تایبەتانەى دراون بە فڕینى (فڕۆکەى چاودێرى، فڕۆکەى سەربازیى چاودێرى، فڕۆکەى جەنگى و شەڕکەر، هەلیکۆپتەرى سەربازى و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان بەهەمو جۆرەکانیەوە) بەسەر ئاسمانى عێراقدا، بۆ تەواوى لایەنە عێراقى و لایەنە بیانییەکان و هەر جوڵەیەکى فڕۆکەوانى پێچەوانەى ئەو راسپاردەیە بێت وەک هەوڵێکى دوژمنکارانە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت لەلایەن هێزى بەرگرى ئاسمانى عێراقییەوە ، هەربۆیە بۆردومانی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی بە پێشێلکردنی ئەو بڕیارەی عێراق ناو دەبێت.

ئەمەریکا پاڵپشتە یاخود بێ لایەن



میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمەریکا و بە دیاریکراویش دۆناڵد ترەمپ، ئیسرائیلیان خستوەتە دۆخی جەنگەوە بەرامبەر بە ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەک پێشکەشی تەلئەبیب بکات.

کەناڵی (ئیسرائیل 2) بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا، ئیسرائیلی بە تەنها جێهێشتوە لە جەنگی روبەڕوبونەوەی ئێراندا بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەک پێشکەش بکات، بەوپێیەی ئیسرائیل لە سێ قۆڵەوە شەڕی ئێران دەکات، ئەوانیش عێراق و سوریا و لوبنان.

ئەو میدیایەی ئیسرائیل باسی لەوەکردوە، ترەمپ سزای ئێران دەدات و لە رێککەوتنی ئەتۆمی چوەتە دەرەوە، بەڵێنی روبەڕوبونەوەی ئێرانیش دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لەروی سەربازییەوە ئیسرائیلی بە تەنها جێهێشتوە.

لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر عێراقیش، ئەمەریکا هەڵوێستێکی رونی نەبو، کە بەرای چاودێران ئەمەریکا دەیەوێت دۆخی عێراق لە بەرچاو بگیرێت و رێز لە سەروەری خاکەکەی بگیرێت، چونکە هەر شەڕ و پێکدادانێک لەسەر خاکی ئەو وڵاتە، دۆخی وڵات و ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش لە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ئێران و هاوپەیمانەکانی چی دەڵێن؟


هەرچەندە تائێستا ئێران هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی نییە و باس لەوە دەکات کە پێگەکانی وڵاتەکەی بە ئامانج نەگیراوە، بەڵام دوای ئەوەی دو فڕۆکەی چاودێری ئیسرائیل لە لوبنان کەوتە خوارەوە و بنکەیەکی حیزبوڵا کرایە ئامانج، حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵا هۆشداری دا لەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت.

نەسروڵا، لە بەردەم لایەنگرانیدا و لەرێگەی تەلەفزیۆنەوە پەیامێکی ئاڕاستەکرد و وتی: چاوەڕێمان بکەن، نەک تەنها لە سەر سنورەکان، بەڵکو لە هەمو شوێنێک و ئەو رەفتارانە بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت.