راپۆرت 09:55 - 02/09/2019

سەرژمێری و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا... دو ئاڵنگاریی گەورەی بەردەم كورد

+ -

(سبەی):

سەرژمێری، یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی لەقۆناغی ئایندەدا كورد لە کەرکوک و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەكی گەورە و تائێستا دیارنیە كورد لەو پڕۆسەیەدا براوە دەبێت یان دەسكەوتی دیكە لەدەست دەدات.

حیزبە كوردستانیەكانی كەركوك لێكدانەوەی جیاواز بۆ ئەو پرسە دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەترسەوە دەڕواننە چارەنوسی كورد لەو پڕۆسەیە و بەشێكیان بەپێویستی دەزانن جێبەجێكردنی مادەی (140) پێش ئەو پڕۆسەیە بخرێت و بەشێكی تریان پێیان وایە سەرژمێری بەم بارودۆخەی ئێستای شارەكە، كورد دەكاتە كەمینە و دەكرێت رێوشوێنی پێویستی بۆ بگیرێتە بەر.

محەمەد نەسرەدین سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند: هەڵبژاردن و سەرژمێری دو پرسی هەرە گرنگن لەبەردەم داهاتوی كورد لەم شارە كە ئەگەر كورد یەكڕیز و یەكدەنگ نەبێت، مەترسیی لەدەستدانی پۆستی تری دەبێت.

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان وتیشی: دەبێت پێش قۆناغی سەرژمێری، مادەی (140) جێبەجێ بكرێت بەسەرجەم قۆناغەكانیەوە، چونكە ئەو مادەیە چارەسەری ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكانی لەخۆگرتوە، بۆیە ناكرێت سەركردایەتی كورد بە سەرژمێری رازی بێت ئەگەر بێتو هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی مادەی (140) خێراتر نەكرێن.

پەیوەست بەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، هەڵسوڕاوەكەی گۆڕان وتی: ئەو یاسایە بڕگەی دژ بە كوردی تێدایە و پێویستە هەموار بكرێتەوە، یان سەرۆك كۆمار دەستێوەردانی تێدا بكات، چونكە بڕگەی دژ بە دەستوری تێدایە و بەشێكی زۆری ئاوارە كوردەكانی كەركوك كە لەشارەكانی هەولێر و سلێمانین، لەهەڵبژاردن بێبەش دەبن.

فاخیر حەمید لێپرسراوی پەیوەندیەكانی مەڵبەندی كەركوكی یەكگرتوی ئیسلامی بە (سبەی) راگەیاند: لەپرسی سەرژمێریدا، كورد لەبەردەم مەترسیی بون بە کەمینەدایە، چونكە لەماوەی رابردودا ئاوارەیەكی زۆری عەرەب لەشارەكەدا بون و ئەم دەسەڵاتەی ئێستای شارەكەش كە عەرەب بەڕێوەی دەبات، عەرەبێكی زۆری هێناوەتە شارەكە و فەرمانگەكانی تایبەت بە رەگەزنامەی گواستۆتەوە، ئەمەش وادەكات هاوسەنگی نەمێنێت و كورد پێگەی خۆی لەم شارە لەدەست بدات. 

ئەو لێپرسراوەی یەكگرتو بەپێویستی زانی كورد هەنگاوی جدی و بەپەلە بنێت بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە و ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە ئەگەر نیازێكی راستەقینە بۆ خزمەتكردنی شارەكە لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە هەبێت.

هەفتەی رابردو بڕیار بو شاندێكی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی كەركوك بگەنە شارەكە و لەگەڵ لێپرسراوی یەكەمی حیزبەكان كۆببنەوە، بەڵام بەبیانوی سەرقاڵبونی یەكێتی بەپرسی دیكەوە، دانیشتنەكە نەكرا و هەڵوەشایەوە وەك لە راگەیەنراوەكەی عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستاندا هاتبو.

هاوكات عەلی قەڵایی كارگێڕی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە (سبەی) راگەیاند: دۆخی عێراق و ناوچەكە لە ئاڵۆزیی بەردەوامدایە و هەلومەرجەكە سەخت دەچێت بەڕێوە و دەستێوەردانی ئیقلیمیی فراوان لەدۆخی كەركوكدا هەیە، جگە لەوەش ناكارایی كورد هۆكارە بۆ ئاسایینەبونەوەی رەوشی كەركوك.

وتیشی: بەداخەوە ئێستاش نیازێكی راستەقینە نیە بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەگەڵ پێكهاتەكانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا كورد ئامادەگی تەواوی نیە بۆ چون بەرەو ئەو دو پرسە گرنگە، چونكە دواجار كورد زەرەرمەند دەبێت لەهەڵبژاردنێك كە ماوەی (15) ساڵە كەركوكی لێ بێبەش كراوە.

دەشڵێت: ناوچەكە لە كوڵاندایە و پێویستی بەهەوڵی زیاتری سەركردایەتی كورد هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی مەسەلەی كورد لەم ناوچانە كە پێی دەوترێت ناوچەی جێناكۆك.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات، وردبینی لەتۆماری دەنگدەران و دەنگدان بەفۆڕمی خۆراك لەئەگەری نەگەیشتن بە ڕێژەی (75%) لەپڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەناوچەكانی رۆژئاوای كەركوك، لەخاڵە هەرە مەترسیدارەكانی نێو یاساكەن، ئەمەش كورد ناچار دەكات پەنا بۆ دادگای فیدراڵی بەرێت و هەوڵی هەمواركردنەوەی یاساكە بدات، پاش درككردن بەمەترسی یاسا پەسەندكراوەكەی تایبەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەئێستادا حیزبە كوردستانیەكان و پەرلەمانتاران لەهەوڵدان تانە لەیاساكە بدەن و هەمواری بكەنەوە. 

بڕیارە كۆتایی ساڵی (2020) پڕۆسەی سەرژمێژی سەرتاسەری لەعێراق بەپارێزگای كەركوكیشەوە بەڕێوەبچێت و بەپێی زانیاریەكانی سەرۆكی دەزگای ئامار لەوەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەو پڕۆسەیەدا  پشت بەتەكنەلۆجیا و نوێترین ئامێری پێشككەوتو دەبەسترێت.

کەرکوک/ سۆران عەبدولكەریم