راپۆرت 09:25 - 12/09/2019

پێویستە یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاری هێزی پێشمەرگە ئەولەویەت بێت

+ -

(سبەی):
راپۆرتی: لاوک ئەمجەد

دواجار پرسی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوەتە خواست و داواکاریى گشتى و لە کارنامەی کابینەی نوێشدا حکومەت جەخت لەسەر رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کراوەتەوە، بەڵام بەپێویست دەزانرێت هەنگاوی یەکەمی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، لە یەکخستنەوەى یەکەى ژمێریاى هێزەکانی (70) و (80) و وەزارەتەوە دەست پێبکات.

جیاوازى هێزەکان و یەکەى ژمێریارییان
زانیارییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تائێستا (160 بۆ 170) هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگە و هێزەکانى (70 و 80) موچەخۆرن و لە ئەرکدان بێ ئەوانەى خانەنشینن، هەروەها لەو ژمارەیە نزیکەى (40) هەزاریان یەکخراونەتەوە، بەڵام هێشتا (120) هەزار پێشمەرگە ماون کە لە چوارچێوەى میلاکى کارگێڕى و ژمێریارى هێزەکانى (70 و 80) دان و پێویستە یەکبخرێنەوە.


چاودێران بونى چەند یەکەیەکى ژمێریاریى تایبەت بەو هێزانە بە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم یەکخستنەوەى هێزەکان لەقەڵەم دەدەن و پێیانوایە جیاوازى ئەو یەکانە بوەتە هۆى ئەوەى گومان و ناڕونیش هەبێت لە ژمارەى راستەقینەى هێزەکان، بۆیە بەپێویستى دەزانن لە بنەڕەتەوە ئەو یەکە ژمێریارییانە هەڵبوەشێنرێنەوە و سەرجەمیان لەژێر چەتریى یەکەیەکى ژمێریارى سەر بە وەزارەتدا رێکبخرێنەوە.

ویستى یەکخستنەوەى هێزەکان یەکە
بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە یەکێک لە داواکارییەکانى کە پڕۆژەى بۆى هەبوە یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و رێکخستنەوەیانە، لە رێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نۆى حکومەتیشدا یەکێک لە داواکارییەکانى بزوتنەوەکە رێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەبو کە دواجار بوە خاڵێکى رێککەوتنەکە و خاڵێکى کارنامەى حکومەتیش.

لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەل سەرۆکایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و روبەروبونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچونەوە بە میکانیزمی رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکرێت و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بێتەوە.



شاخەوان رەئوف بەگ، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە (سبەى) راگەیاند؛ هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە چڕ کراوەتەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەکەشمان سەردانى وەزیرى پێشمەرگە بکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە بە تایبەتى هێزەکانى (70 و 80).

یەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە سەرەتا زیانی لە خودی پێشمەرگە خۆی داوە

لاى خۆیەوە شاڵاو مەحمود، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەى پێویستى چۆنیەتى یەکخستنەوەى هێزەکانەوە دەڵێت: "ئەگەر بمانەویت هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەک بخەینەوە ئەوا دەبێت یەکەی (70 و 80) نەمێنێت و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێک بخرێنەوە، هەروەها سەرجەم یەکە ئیداری و ژمێریاری و سەربازەکانیان و ئەوەی پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە هەیە یەکبخرێتەوە و پەیوەندییان بە هیچ ‌‌‌‌حیزبێکەوە نەمێنێت".

هەروەک بە پێویستیشی دەزانێت وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری  یەکەکانی (70 و 80) بکات و داوای ئامار و زانیاری تەواویان لێبکات سەبارەت بە پێشمەرگە و ئەفسەرەکانیان و لەماوەیەکی دیاریکراودا ئامارەکانیان رادەست بکەن، بە پێچەوانەوە وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت سەرجەم موچە و هاوکارییەکیان رابگرێت، جگە لەوەش "پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە فەرمان بکات کە هیچ لادان و دانانێک لە لایەن هێزەکانی (70و 80)ەوە نەکرێت، بەڵکو لە ژێر فەرمان و چاودێری وەزارەتی پێشمەرگەدا بن".

ئەو ئەفسەرە پێیوایە؛ یەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە سەرەتا زیانی لە خودی پێشمەرگە خۆی داوە لەبەر ئەوەی لە ئەرک و رۆڵى پێشمەرگەی كەم كردۆتەوە، لە رابردودا ئەو هەوڵانەی هەبون زیاتر لە چوارچێوەی قسەدا بون و لەروی كردارییەوە پێم هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنرا، ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەم هێزانە یەك بخەین، دەبێت بە لە هەمو شتێك ئیرادەی یەكخستنەوەیان هەبێت و بڕوای راستەقینەیان بە یەكخستنی ئەم هێزانە هەبێت و بكرێنە هێزێكی نیشتیمانی.

یەکخستنەوەى یەکەى ژمێریارى هێزەکان ئەولەویەت بێت
جگە لە کارنامەی کابینەی نۆی حکومەت سەبارەت بە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات لە پڕۆژە یاسای چاکسازیدا جەخت کراوەتەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکە ژمێرییارییەکان لە سەرجەم یەکەکانی هێزی پێشمەرگە بە یەکەکانی (70) و (80) و یەکخستنەوەیان لە چوارچێوەی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان) و لە ژێر وردبینی فەرمانگەی چاودێری دارایی.



جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەبارەى دوایین هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە کە یەکێکە لە خاڵەکانى کارنامەى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێم بە (سبەی) وت: "پڕۆژەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکراوە و ئێستاش لە دیراسەکردندان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی.

سەبارەت بە پێویستى یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردو یەکەی ژمێریارى هێزەکانی (70 و 80) بۆئەوەى هێزەکان بەتەواوى لەژێر یەک چەتردا بن، جەبار یاوەر دەڵێت:"لە پڕۆژەکەماندا جەخت لەسەر یەکستنى یەکەى ژمێریارى هێزەکانیش کراوەتەوە و کاری لەسەر دەکەین".

ئەمیندارى وەزارەتى پێشمەرگە نایشارێتەوە کە لە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا راوێژکارانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئێستاش هۆڵەندا کە لەم چەند رۆژی رابردو گرێبەستی ئیمزاکردوە بەشدارن لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیشى دەکەن.


لاى خۆیەوە سەبارەت بە یەکخستنەوە یەک ژمێرییارییەکانی هێزەکانی (70) و (80) و دیوانی وەزارەت، کە سێ یەکەی جیاوازن، پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى گۆڕان دەڵێت: بابەتی حساباتى هێزى پێشمەرگە تائێستا جیاوازیان و ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردوە میکانیزمى یەکخستنەوەى هێزەکان بدۆزینەوە، پێویستە ئەم هێزانە و یەکە ژمێریارییەکانیان یەک بخرێت و بە فیعلى ببنە هێزێکى نیشتیمانى و کۆتایی بەوە بھێنرێت بکرێنە هێزى شەخس و لایەنێک.