کوردستان 06:12 - 16/01/2020

جڤاتى نیشتیمانى هەڵسەنگاندن بۆ بەشداری گۆڕان لە حکومەت و پڕۆسەی چاکسازی دەکات

+ -

(سبەى):
بڕیارە رۆژی شەمە (18-1-2020)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەى گۆڕان کۆببێتەوە و لەگەڵ تاوتوێکردنی دواین پرسە سیاسیەکان، هەڵسەنگاندن بۆ بەشداری گۆڕان لە حکومەت و پڕۆسەی چاکسازی دەکات.

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی، لەبارەى ئەجێندای کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: کۆبونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت، پەیوەست بە دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانی عێراق هەڵوەستە دەکرێت، پێشهات و ئەگەرەکان تاوتوێ دەکرێن. هاوکاتیش هەڵسەنگاندن بۆ بەشداری گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و کارەکانی شەش مانگی رابردو و، پرۆسەی چاکسازی دەکرێت.

 

رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی، ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا راپۆرت و راسپاردە و ئامادەکارییەکانی لیژنەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی تاوتوێ دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، هەروەک متمانە بە چەند رێکخەری ژورێک و چەند ئەندامێکی جڤاتی گشتی دەدرێت دوای ئەوەی رێکارەکان لە خانەی راپەڕاندن تەواو کراون.

 

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبونەوەى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەچو، دواى تاوتوێکردنى چەند تەوەرێک لەبارەى دواین گۆڕانکارییە سیاسیەکان و هەنگاوەکانى چاکسازى و خۆڕێکخستنەوە و دۆخى رێکخراوەیى چەند راسپاردەیەکى ئامادەکرد و پێشکەشى جڤاتى نیشتیمانى دەکات.