کوردستان 06:37 - 16/01/2020

حکومەتی هەرێم: کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەکان دەکەین

+ -

(سبەی):
وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ هاوکاری و کارئاسانی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەکانی روداوی نقومبونی بەلەمەکەی نێوان تورکیا و یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند؛ دوای ئەوەی لە چه‌ند رۆژی رابردودا به‌هۆی نقومبوونی به‌له‌مێك له‌ نێوان تورکیا و یۆنان، ژماره‌یه‌ك كه‌س بونه‌ قوربانی كه هه‌ندێك هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستانیشی تێدابوە، ئەنجومەنی وەزیران وێرای ده‌ربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان، دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد کە هەمو هاوکاری و ئاسانکارییەک بکەن بۆ گێرانەوەی تەرمی قوربانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.

شەوی (11/1/2020) لە ناوچەی چەشمەی سەر بەشاری ئەزمیر یەختێک بە (19) نۆزدە پەنابەرەوە ژێر ئاوکەوت و بەهۆیەوە (11) کەس خنکان کە هەشتیان منداڵبون و سەرجەمیان کۆچبەری رۆژئاوى کوردستان و ئەندامانی دو خێزان بون.

درەنگانێکى هەمان شەو، یەختێکى دیکە کە زیاتر لە (50) کۆچبەرى هەڵگرتبو، دواى پێنج سەعات لە رۆشتن لە یۆنانەوە بەرەو ئیتاڵیا، لە دەریاى ئیجەدا ژێرئاو کەوت، بە پێى زانیارییەکان لەو روداوەدا نزیکەى (17) کۆچبەرى کورد خنکاون و (چوار) گەنجى نێو یەختەکەش دواى ململانێ لەگەڵ دەریادا پاش دو سەعات رزگار کراون.