کوردستان 10:19 - 16/01/2020

سەرۆکی حکومەت: چاکسازی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە

+ -

(سبەی):
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ ئامانجی پەسەندکردنی یاسای چاکسازی هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە، دەشڵێت: چاکسازی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە.

لە پەیامێکدا دوای پەسەندکردنی یاسای چاکسازی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی یەکێک بو لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ وەڵامدانەوەی خواست و داوای هاووڵاتییان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.

دەشڵێت: ئامانجی یاساکە رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە موچە و ئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و موچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەشکردەوە کە  چاکسازی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکانی دیکە دەگرێتەوە، ئەو یاسایەش بەڵگەیە لە سەر پابەندبونی حکومەت بۆ سنوردارکردنی گەندەڵی و بنبڕکردنی.