راپۆرت 10:13 - 19/03/2020

تورکیا ئاڵۆزی دۆخى ئێران بۆ فراوانکردنى هەژمونی خۆى لە عێراق دەقۆزێتەوە؟

+ -
(سبەی):
راپۆرت: سبەى

یەکێک لە پێگە گرنگەکانى ئێران لە دەرەوەى خۆى عێراقە، لەپاش روخاندنى رژێمى دیکتاتۆرى سەدام حسەین لە ساڵى (2003) ئێرانى دراوسێ دەستەوسان دانەنیشت، بەڵکو پێگەیەکى بەهێزى لە عێراقدا بۆخۆى دروستکرد، ئەم پێگەیەى ئێران لە عێراقدا دڵخوازى زۆر شوێن نەبو، لەوانە تورکیا کە ململانێیەى مێژویی لەگەڵ ئێران هەیە بۆ دروستکردنى پێگە لە عێراقدا.

هەر چەندە پێگەى ئێران لە عێراقدا بەراورد ناکرێت بە تورکیا، بەهۆى بونى سنورى تێکەڵاو و زۆرینەیەکى شیعە لە عێراقدا و هەروەها پشتگیرى پێشوترى ئێران بۆ ئۆپۆزسیۆنى عێراق بەگشتى، بەڵام تورکیاش لە سەردەمى دەسەڵاتى  رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵیداوە پێگەیەک بۆخۆى لە عێراقدا دروستبکات.

ئەرشەد ساڵحى یەکێک لە کەسایەتیە سیاسیەکانى سەر بە تورکیا لە عێراق دەڵێت "تورکیا هەرگیز گەلى عێراق و تورکمانى بەتەنها بەجێنەهێشتوە" ئەو قسانەى ئەرشەد ساڵحى لەپاى سوپاسکردنى توکیا بو بۆ نۆژەنکردنەوەى بازاڕی مێژویی سەردەمى عوسمانیەکان لە کەرکوک کە سوتابو، تورکیاش نۆژەنى کردەوە لە ساڵى (2018).

بەڵام ئێستا تورکیا پێى وایە دەرفەتى زیاتر کردنى پێگە و دەسەڵاتى خۆى لەسەر حیسابى دەسەڵات و پێگەى ئێران لە عێراقدا هاتۆتە پێش.

رۆژنامەى (العرب) لە راپۆرتێکدا باس لە هەڵکشانى هەوڵەکانى تورکیا دەکات بۆ فراوانکردنى دەسەڵاتى خۆى لە عێرقدا دەکات، پاش ئەوەى ئێران دوچارى تێکچونى بارودۆخ لەچەند رویەکەوە بۆتەوە.

رۆژنامەى (العرب) دەنوسێت "چاوى  تورکیا لەسەر وڵاتانى عەرەبى بەشێوەیەکى سەرەکى هەمیشە زیاتر  لەسەر عێراق  بوە، بەهۆى چەند هۆکارێک کە هانى تورکیایان داوە زیاتر بیر لەدروستکردنى پێگە لەم وڵاتەدا بکاتەوە، لەوانە هاوبەشى جوگرافى و لاوازى عێراق لە بەرەنگارى بۆ دەستوەردانە دەرەکیەکان و بونى سامانى نەوت لەم وڵاتەدا، بەڵام وادیارە ئێستا دەرفەتەکە بۆ تورکیا لەهەمو کات باشترە، بۆ چڕکردنەوەى دەسەڵاتەکەى لەو وڵاتە، چونکە تورکیا هەستى کردوە مەچەکى کۆنتڕۆڵى ئێران بەسەر عێراقەوە لاواز بوە، بەهۆى ئەو بارودۆخە زۆر ئاڵۆزەى ئێرانى تێکەوتوە، تێکچونى بارودۆخى ئێران کاریگەرى نیگەتیڤی هەیە لەسەر هاوپەیمانەکانى لەناوخۆى عێراقدا کە ماوەى (17) ساڵە بەکاریان دەهێنێت".

باڵیۆزى تورکیا لە بەغدا فاتح یەلدز  بەشێوەیەکى ئاشکرا باسى لە گۆڕانى هاوکێشە سیاسەکانى ناو عێراق کردوە دەڵێت "ئەو هاوکێشە سیاسیانەى لە عێراق لەپاش  (2003)وە دروستبون گۆڕاون، ئێستا ئەنقەرە کار لەسەر هاوئاهەنگى دولایەنەى نێوان خۆى و عێراق دەکات، بەتایبەت لەبوارى ئاسایش و ئابورى".

رۆژنامەى (العرب)  نوسیویەتى "تورکیا هەمان سیاسەتى ئێران پیادە دەکات لە چاو تێبڕین لەوڵاتانى عەرەبی و لەمەشدا چاوى لەو وڵاتانەیە کە خاڵى لاوازیان زۆرە".

تورکیا پێشتر ئەم جۆرە سیاسەتەى نەبوە بەڵام لەپاش هاتنە سەرکارى رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سیاسەتى دەستوەردان دەستى پێکردوە.

ئەم سیاسەتى تورکیا تەنها لە عێراق جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لەسوریا و لیبیا و قەتەر و سودانیش سیاسەتى دەستوەردان بەئاشکرا جێبەجێدەکات، تەنانەت بەشێک لە چاودێران پێیان وایە دەستوەردانى تورکیا گەشتۆتە یەمەنیش، پێگەى سیاسى و سەربازى و ئەمنى خۆشى لە عێراقدا جێگیر کردوە.

ماوەیەک لەمەو بەر تورکیا باڵیۆزخانەى خۆى لە ناوچەى وەزیریەى بەغدا بۆ ناوچەى سەوز گواستەوە، ئەمەش بۆ زیاتر کردنى چالاکى و کاروبارە سیاسى و دبلۆماسیەکان و شکاندنى ئەوساردو سڕیەى لە پەیوەندیەکانى تورکیا لەگەڵ عێراق هەیەتى، بەپێى وتەى باڵیۆزى تورکیا لە عێراق فاتح یەڵدز.

فاتح یەڵدز دەڵێت: تورکیا دەیەوێت لە باڵیۆزخانەکەیەوە لەناوچەى سەوز پەیوەندیەکى باش لەگەڵ گەلى عێراق دروستبکات و چالاکیە دیپلۆماسیەکان زیادبکات.

بەپێى راپۆرتەکەى (العرب) تورکیا لەبەرەو پێشبردنى چالاکیەکانى لە عێراق پشتى بە پاشکشە و لاواز بونى رۆڵى ئێران بەستوە کە پێى وایە ئێران لەسەر ئاستى ناوەو دەرەوە کێشەى هەیە، جگە لەوەى رژێمەکەش پیر بوە، لە نمونەى ئەوکێشانە خۆپیشاندانەکانى عێراق دژ بە ئێران لە بەغدا و بێ توانایی لایەنەکانى سەر بە ئێران لە یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرەک وەزیران کە لەپاش (2003)وە هەمیشە ئێران لە یەکلاکردنەوەى ئەم پرسانەدا هاوشانى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رۆڵى خۆى بینیوە.

جگە لە کێشەى سیاسی و جەماوەریەکان دەشێ بارودۆخى سەرهەڵدانى کۆرۆناش ئەوەندەى تر ئێران توشى ماندو بون بکات و پەیوەندیەکانى لاواز بکات، بەتایبەت کە عێراق لە ئێستادا هەستیارانە لە سنورەکانەوە مامەڵە دەکات.

هێرشى بێ بەزەییانەى کۆرۆنا بۆ سەر وڵاتان تەنها لێکەوتەى تەندورستى نیە، بەڵکو چەندین دەرەنجامى ئابورى و سیاسیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت و زۆربەى چاودێران لەسەر ئەو بۆچونەن کۆرۆنا گۆڕانکارى زۆر دروستدەکات.

وڵاتێکى وەک ئێران کە چەندین ساڵە بەرگەى گەمارۆى ئابورى و پەراوێزخستنى گرتوە و بگرە توانیویەتى جێ نفوزى خۆى لە چەندین وڵاتى دیکە فراوان بکات، وا ئێستە بە هۆى بڵاو بونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و گەمارۆى ئابورى و نارەزایەتى جەماوەرى توشى شڵەژانێکى گەورە بۆتەوە کە بەپێى بەشێک لە چاودێران لەوانەیە کاریگەرى لەسەر پێگەى سیاسى ئێران لە ناوچەکەدا هەبێت.