راپۆرت 10:19 - 01/04/2020

نیۆیۆرک تایمز: هیچ بەرپرسێکى عێراق غیرەت ناکات دۆخى راستەقینەى دارایی بەخەڵک بڵێت

+ -

(سبەی):

رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمز راپۆرتێکى لە بارەى دۆخى چاوەڕوانکراوى دارایی لە عێراق بڵاوکردوەتەوە و ئاشکرای دەکات: بەرپرسانى عێراقى دۆخى راستەقینەى چاوەڕوانکراوى دارایی لە خەڵک دەشارنەوە، چونکە لەبەرامبەردا هیچ چارەیەکیان لانییە و ناتوانن خەڵک دڵنیابکەنەوە، بۆیە تەنها باسی بارودۆخى تەندروستى و پابەندبون بەقەدەغەى هاتوچۆوە دەکەن، نەک دۆخى ئابورى داتەپیو.

لەگەڵئەوەى عێراق بڕیارى تایبەت بە قەدەغەى هاتوچۆ و راگرتنى دەوامى فەرمى لە کەرتى گشتى و تایبەت راگەیاندوە لە پێناو رێگرتن لە تەشەنەسەندنى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا، بەڵام هێشتا جوڵەى ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە دڵخۆشکەر نییە، ژمارەى توشبوان تا دێت بەرەو سەرەوە دەچێت، ئەوەش بارودۆخى  وڵاتى خستوەتە مەترسییەوە، لەکاتێکدا وڵاتەکە خۆى لە بنەماوە بەدەست کۆمەڵێک کێشەى زۆری سیاسى و کارگێڕى و ئابوریەوە گیرۆدەیە، هەمو ئەمانە و دابەزینى نرخى نەوتیش لێدانێکى دیکەى کاریگەرى  لە عێراق داوە، بەم هۆیانەوە چاودێران هۆشداریى لە دۆخى ئابورى عێراق دەدەن، وەک لە دواهەمین راپۆرتى نیۆیۆرک تایمزى ئەمەریکیدا هاتوە.

رۆژنامە نیۆیۆرک تایمز، لە راپۆرتێکدا هۆشدارى لە دۆخى عێراق دەدات و نوسیویەتی: خراپتر چاوەڕێى عێراق دەکات، چونکە ئەو وڵاتە گیرۆدەیە بەدەست داتەپینى نرخى نەوت و بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و راوەستانى کەرتى کار و بازرگانى.

رۆژنامەکە نوسیویەتی: ئەم کێشانە کاریگەریى خراپیان لەسەر سەقامگیرى کۆمەڵایەتى عێراق دەبێت و کاریگەرییەکانى لە داهاتودا دەبینرێت.

نیۆیۆرک تایمز ئاماژەى بەوەکردوە؛ ئابورى عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت بۆیە لە ئێستادا ئەو وڵاتە پێویستیەکى زۆرى بە پارەیە و ئەوەش کەرتى تەندروستى ناچار کردوە داواى کۆمەک و بەخشین بکات تا بتوانێت بەسەر پەتاى کۆرۆنادا سەربکەوێت.

راپۆرتەکە نوسیویەتى: عێراق لەهەمو بەرەکانەوە تێکدەشکێت، داهاتى نەوت بەتەواوى کەمیکردوە بەهۆى دابەزینى نرخەکەى لە جیهاندا، هەروەها قەدەغەى هاتوچۆ لەسەرتاسەرى وڵاتدا کە بەهۆى کۆرۆناوە جێبەجێدەکرێت بوەتە هۆى راگرتنى چالاکییە بازرگانیەکان و بێکاربونى زۆرینەى کرێکارانی کەرتى تایبەت.

لەسەر ئاستى سیاسییش ململانێى توند هەیە لەنێوان لایەنە جیاوازەکان و هەرەها لایەنى ئەمەریکى و ئێرانى، پاشان  فشارى خۆپیشاندەران و ناکارایی پەرلەمان و رێکنەکەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران، دوای ناچارکردنى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى  پێشو بە دستلەکارکێشانەوە.

عێراق لەهەموان زیاتر زیانى بەردەکەوێت
فاتیح پیرۆڵ، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە ئاژانسی وزەى نێودەوڵەتى لەبارەى دۆخى عێراق و دابەزینى نرخى نەوتەوە دەڵێت: دابەزینى نرخى نەوت زیانى گەورەى بە هەمو ئەو وڵاتانە گەیاندوە کە ئابوریەکەیان پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام عێراق لە هەموان زیاتر زیانى بەرکەوتوە.

پیرۆڵ پێیوایە؛ عێراق لە هەمو وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت زیاتر کاریگەریى دۆخەکەى بەسەرەوە دەردەکەوێت، چونکە یەدەگى پارەى نەختینەى  پێویستى لە سندوقدا نییە و (90%)ى داهاتیشى لە نەوتەوە دابین دەکات، ئەمە جگە لەوەى خودى ژینگەى سیاسى عێراق لە حاڵێکى خراپدایە.

بە وتەى شارەزایان؛ یەدەگى نەختینەى عێراق تەنها (62) ملیار دۆلارە، ئەمەش بە پێوەرى سندوقى نەختی نێودەوڵەتى بڕێکى کەمى پارەى یەدەگە بۆ وڵاتێکى وەک عێراق.

حکومەتی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەناى بردوەتەبەر دامەزراندنى سندوقى کۆمەک و هاوکاریى و داواى کۆمەک لە هەمو لایەنە ناوخۆی و دەرەکییەکان دەکات، بەڵام نەبونى شەفافیەت و بونى گەندەڵى لە دام و دەزگاکاندا کێشەیەکى ترى ئەم پڕۆژانەیە، جگە لەوەى وڵاتانى دیکەش خۆیان بە دەست کۆرۆناوە گیرۆدەن، بەڵام رێکخراوى تەندروستى جیهانى بەڵێنى داوە کۆمەکى ئەو وڵاتانە بکات کە تواناى روبەڕوبونەوەى قەیرانەکەیان نییە، هەروەها کارگەیەکى دەرمان لە سلێمانى بڕیاریداوە جۆرێکى دەرمان کە لە چارەسەرى توشبوانى کۆرۆنادا بەکاردێت بە بێ بەرامبەر بەسەر نەخۆشخانەکانی عێراقدا دابەش بکات، بەڵام ئایا ئەم هەنگاوانە دەتوانن عێراق رزگار بکەن؟.

رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمز ئاماژەى بەوە کردوە؛ بەشێکى زۆر لە خەڵکى عێراق لەسەر کارو کەسابەتى رۆژانە دەژین بۆیە قەدەغەى هاتوچۆ زیان بەم چینە دەگەیەنێت.

بەرپرسانى عێراقى راستیەکان دەشارنەوە
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردوە، بەرلەوەى کۆرۆنا لە عێراق بدات و نرخى نەوت دابەزێت، وڵاتەکە خۆى بەدەست کێشەى سیاسییەوە گیرۆدە بو.

لە مانگی تشرینى یەکەمەوە سەدان هەزار کەسى ناڕازى رژاونەتە سەرشەقامەکان و داواى رۆیشتنى سیاسیەکان و دروستکردنى حکومەتێک لە دەرەوەى هێزە سیاسییەکانیان دەکەن.

کێشەى عێراق تەنها قەیرانەکە نییە، بەڵکو تواناى وڵاتەکەیە بۆ روبەڕوبونەوەى قەیرانەکە، چونکە لە بنەماوە وڵاتەکە بەدەست نەبونى دام و دەزگاى شەفاف و کاربەدەستانى دڵسۆز و دەستپاکەوە دەناڵێنێت، واتە لە بنەماوە بەرگریى عێراق سست و شکستخواردوە.

ئلیسا رۆبن، پەیامنێرى نیۆیۆرک تایمز لە بەغدا نوسیویەتى: لەگەڵ ئەوەى عێراق بەرەو ئەو چارەنوسە خراپە هەنگاو دەنێت کەچى تائێستا هیچ کام لەبەرپرسانى عێراقى غیرەت ناکەن راستیەکان بە خەڵک بڵێن سەبارەت بە کێشە داراییەکان، تەنانەت لەو کاتەى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى دەستلەکارکێشاوە هانى خەڵکیان دەدا رێنماییەکانى تەندروستى جێبەجێ بکەن، بەڵام هیچکامیان باسیان لە داهاتوى بارودۆخى دارایی و ئابورى وڵات نەکرد.

تایمز دەنوسێت :"بەرپرسانى عێراق بۆیە راستیەکە لە خەڵک دەشارنەوە، چونکە لەبەرامبەردا ناتوانن هیچ دڵنیاییەک بدەن و ئەلتەرناتیڤێکیان پێ نیە بۆ چارەسەرى دۆخەکە".