راپۆرت 10:00 - 27/04/2020

میدیاى عێراقی: خۆتان ئامادەکەن بۆ سکهەڵگوشین، چارەنوسی موچە نادیارە

+ -

(سبەى):

چاودێرانى بارودۆخى عێراق، هۆشدارى دەدەن لە دروستبونى کێشە بۆ موچەى فەرمانبەرانى عێراق بەهۆى لێکەوتەکانى پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى بەهاى نەوتەوە، هاوکات پێیانوایە چارەنوسى موچەى فەرانبەرانى عێراق رو لە نادیارە و رەنگە دۆخى "سکهەڵگوشین" لەبەر دەرگا بێت.

پێگەى (سومەریە نیوز) راپۆرتێکى لەبارەى دوا هەواڵ و پێشبینیەکان بۆ دۆخى ئابورى عێراق و چارەنوسى موچەى فەرمانبەران (کە 70%ى بودجەى بەکاربردن پێکدەهێنێت) خستوەتەڕو، تێیدا بە باسکردن لە خراپى سیاسەتى ئابورى بنیادنراو لەسەر نەوت دەستپێدەکات و دەنوسێت رونى دەکاتەوە؛ هەرچەندە ئابوریەک لەسەر نەوت بنیادنرابێت به‌ گرنگ دەردەکەوێت، بەڵام لەوکاتەى نرخى نەوت دادەبەزێت، خراپى ئەم سیاسەتە ئابوریە بەتەواوى دەردەکەوێت و ئێستا عێراقیش به‌م دۆخه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت.

سیاسه‌تی سكهه‌ڵگوشین
راپۆرتەکەى سۆمەریە نیوز لە زارى چاودێرانى بارودۆخى عێراقەوە نوسیویەتى؛ بەرەو سیاسەتى سکهەڵگوشین دەڕۆین و وڵات بەرەو دۆخێکى ئابورى خراپ هەنگاو دەنێت، ئەوەش وایکردوە حکومەتى عێراق چاوى لە کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و بەرزکردنەوەى باجە، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و کورتهێنانێکى گەورە لە بودجەى گشتى.

بە بۆچونى  پسپۆڕان، عێراق ئێستا لەحاڵەتى گێژاوى ئابوریدایە، بەهۆى ئەو لێدانە گەورەیەى لە ئەنجامى داتەپینى نرخى نەوت توشى بوە و بەڵێنەکانى چاکسازیش جگە لە بەڵێنى بریقەدار کە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکان بە خەڵکیان داوە هیچى تر نەبوە و هەر کات نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا دابەزی بێت حکومەت پەناى بردوەتە بەر زیادکردنى باج و رسومات و بیرکردنەوە لە کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و خانە نشینان.

لەو راپۆرتە ئاماژە بەوە کراوە؛ موچەى فەرمانبەران و خانەنشیان بە زەحمەت بەشى ژیانیان دەکات، بۆیە ئێستا هاوڵاتى عێراقى بوە بە بارمتەى کۆمەڵێک سیاسەتى خراپ و شکستخواردو کە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکان لە چەند ساڵى رابردودا پەیڕەویان کردوە و لەسایەى ئەم سیاسەتەشەوە رۆژ بە رۆژیش بارى ژیانى هاوڵاتیان سەختتر دەبێت، "لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکى ئەوەندە دەوڵەمەندە بەسامانە سروشتیەکان کە زۆربەى وڵاتان خۆزگەى پێدەخوازن، لە ئیستاشدا دابەزینى نرخى نەوت مەترسی گەورەى دروستکردوە لەبەر ئەوە حکومەت نەتوانێت لە چەند مانگى داهاتودا موچەى فەرمانبەران دابین بکات".

غەزبان: کەمکردنەوەى بەشێک لە دەرماڵەى فەرمانبەران
سامرغەزبان، وەزیرى نەوت و جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزە، رایگەیاندوە کە؛ حکومەت بیر لە کەمکردنەوەى رێژەیەکى دیارى کراو لە دەرماڵەى فەرمانبەران دەکاتەوە، بەڵام موچەى بنەڕەتى دەستکارى ناکرێت.

غەزبان بە سۆمەریە نیوزى وتوە؛ بەهۆى دامەزراندن و خانەنشینى و گەڕاندنەوەى کەسانێکى زۆر بۆ کەرتى ئاسایش، قەبارەى موچە پێدان زۆر لەساڵانى پێشو زیاتر بوە و ئێستا بەنزیکەیی پێویستمان بە (45) ملیار دۆلار هەیە بۆ موچە.

هەرچەندە لە ئێستاوە گومان لەوە هەیە کە حکومەتى عێراق بیر لە کەمکردنەوەى موچە دەکاتەوە، بەڵام غەزبان دڵنیاى دەدات بەوەى ئەم مانگە (واتە مانگى نیسان)  موچە بەتەواوى دەرماڵەوە دەدرێت تا ئەوکاتەى بڕیارى کۆتایی دەدرێت.

پەرلەمانتارانى عێراق شتێکى تر دەڵێن
وەک لە راپۆرتەکەى سۆمەریەنیوزدا هاتوە، سەرەڕاى ئەوەى حکومەت پاساوى دارایی دەخاتەڕو بۆ کەمکردنەوەى موچە، بەڵام ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆچونێکى دیکەى هەیە سەبارەت بە موچەى فەرمانبەران.

لەمبارەیەوە سەباح تەلوبى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ سۆمەریە رایگەیاندوە موچەى فەرمانبەران هێڵى سورە و حکومەت نابێت ئەرکێک بخاتە سەرشانى خەڵک کە لەتوانایاندا نەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندوە لەکاتێکدا پێمانوایە نابێت موچە دەستکارى بکرێت، "بەڵام داوا لەحکومەتیش دەکەین خۆى بۆ هەمو ئەگەرەکان و چارەسەرەکان ئامادە بکات، بەڵام نابێت هیچ چارەسەرێک لەسەر شانى فەرمانبەران و خەڵکى هەژار بێت".

چارەسەرى دیکە
بەپێى راپۆرتەکەى سۆمەریە نیوز بۆچونێکى دیکە هەیە باس لە پشتبەستن بە دەرکردنى چەند رێکارێکى دارایى و بانکى دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنى دۆخەکە.

هەروەها داواش دەکرێت حکومەت خۆى لە خەرجى ناپێویست دوربخاتەوە و بیر لە کۆکردنەوەى پارەى پێویست بۆ دابینکردنى موچەى فەرمانبەران بکاتەوە، ئەویش لە رێگەى کەرتى تایبەت و راگرتنى هەندێک پرۆژەى وەبەرهێنان لەبەشێک لە وەزراەتەکان.

"کەمکردنەوەى موچە خراپترین چارەسەرە" 
لەبارەى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران لەم دۆخەدا پسپۆڕێکى ئابورى بە پێگەکەى وتوە: کەمکردنەوەى موچە خراپترین چارەسەرە، چونکە دەبێتە هۆى بێ بازاڕى و هەژارى .

زرخام محەمەد عەلى پسپۆرى ئابورى دەڵێت: "رێوشوێنەکانى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و پاشکەوتکردنى بە خراپترین چارەسەر دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنى کەمى داهات، لەبەرئەوەى موچە بزوێنەرى ئابورى وڵات و هەمو پیشەکان و بازاڕو کەرتى تایبەتە و ئەگەر کەمکرایەوە کاریگەریەکانى لە جوڵەى بازاردا دەردەکەون".

ئەو پسپۆرە بەپێویستى دەزانێت؛ حکومەت بیر لەچارەسەرى دیکە بکاتەوە وەک بڕینى ئیمتیازات و موچەى ئەوکەسانەى لەدەرەوەى عێراق دەژین و ئەو رێگاو دەریچانە دابخات کە ساڵانە و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوەى وڵات.

پسپۆریکى دیکە باس لەوە دەکات حکومەت بەدەست زۆرى فەرمانبەرانەوە دەناڵێنێت بەهۆى سیاسەتى خراپى ساڵانى پێشو کە بێ پلان چەندین هاوڵاتى وەک فەرمانبەر دامەزراندوە، لەهەندێ فەرمانگە کە  پێویستى پێ نەبوە.

هەروەها حکومەتەکانى پێشو بەپێى پێویست پشتیوانى کەرتى تایبەت و بەرهەمهێنانى ناوخۆییان نەکردوە تەنها پشتیان بەهاوردە بەستوە، "بەم هۆیەش زۆرینەى کارگەکان لەکار کەوتون و زۆرینەى هاوڵاتیان پەنایان بە موچە گرتوە".

موچە بە یاسا نەبێت کەمناکرێتەوە
هاوکات لەگەڵ دەنگۆى دەستکاریکردنى موچەدا، پسپۆڕانى یاسا لە بابەتى کەمکردنەوەى موچە قسەى دیکەیان هەیە و لەو بارەیەوە تاریق حەرب پسپۆرى یاسایی عیراقى بە (سۆمەریە نیوز)ى وتوە؛ بە سۆمەریە نیوز دەڵیت: حکومەت بۆى نیە موچە کەمبکاتەوە، بەڵکو ئەوە لە دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانە.

عێراق چەندین ساڵە بە سیاسەتێکى ئابورى خراپ  بەڕێوەدەچێت، لەولاشەوە ململانێ سیاسەکان و شەڕى حیزبەکان و بەهەدەردان و جیاوازى زۆر لەموچەى پلە باڵا و چینەکانى تر و چەندین کیشەى ترى گەندەڵى.

لەئێستاشدا کە قەیرانى کۆرۆناو دابەزینى نرخى نەوت روى لە جیهان کردوە، بێگومان وڵاتێک بەم هەمو کێشانەوە بەئاسانى بەرگەى ئەو قۆناغە نوێیە ناگرێت و تێپەڕاندنى بێ باج نابێت.