کوردستان 02:44 - 04/06/2020

جەمال حاجی محه‌مه‌د: پێویستە فشار بکەین بۆ جێبەجێکردنى به‌رنامه‌ی گۆڕان بۆ چاکسازى

+ -

(سبەى):
ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بە داواى چاکسازى و بەرنامەیەکى سیاسى رونەوە چوینەتە حکومەت و پێویستە فشار بکەین بۆ جێبەجێکردنى به‌رنامه‌ی گۆڕان و "ئەو بەرنامە چاکسازییەى هەمانە بیخەینە بوارى جێبەجێکردنەوە".

جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەى گۆڕان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (زەمەن) جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکى ئۆپۆزسیۆن لە دایكبوە و "هەمیشە رەخنەمان گرتوە‌و كەموكوڕییەكانی دەسەڵاتمان خستوەتە بەردەست، راگەیەندنەكەشمان توند بوە چونكە خەڵك ئەوەی ویستوە لە بەرئەوەی دەسەڵاتێكی نا عادل هە و بوە خەڵك ئێستاش ئەوەی دەوێت، ئێستاش کە لە حكومەتین دەبێت لە كەموكوڕییەكانی حكومەت بێدەنگ نەبین‌ و ناشبێت بچینە ژێر هەندێك بارەوە، چونکە كە چوینەتە ناو ئەم حكومەتەوە داوای چاكسازیمان كردوە‌ و بەرنامەیەكی سیاسی رونمان هەیە‌و موافەقەتیش لەسەر بەرنامەكەمان كراوە لە ناو حكومەتدا، من وا نایبینم ئێمە بێدەنگ بوبین و پەرلەمانتار‌ و وەزیر‌و فراكسیۆنەكانمان قسەی خۆیان دەكەن".

لەبارەى ئەو کۆبونەوانەى رابردو کە لەگەڵ هەریەکە لە پارتى و یەکێتى ئەنجامیانداوە، ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندن دەڵێت؛ ماوەیەك لەمەوبەر تیمی حكومەتی ئێمە لەگەڵ تیمی یەكێتی كۆبوەتەوە‌ و دوێنش تیمەكەمان لەگەڵ تیمی پارتی كۆبوەوە، هۆكاری كۆبونەوەكەش ئەوەیە دەمانەوێت پێداچونەوەیەك بكەین بەم حكومەتەدا و ئەو كەموكوڕیی‌ و پۆستانەشی كە هەیە یەكلایی بكەینەوە‌ و بەرنامە چاكسازییەكەش بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەبارەى ئەوەى لەم دۆخە سەختە داراییەدا جێبەجێکردنى پڕۆژ و بەرنامەکانى گۆڕان سەخت نییە، جەمال حاجى محەمەد دەڵێت:" قورسە، بەڵام دەبێت فشار بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چوار وەزیرمان هەیە‌ کە شەو و رۆژ لە خزمەتی خەڵكدان، کۆى حکومەتیش ئامادەیى نیشانداوە بۆ چاکسازى و چەند جارێك تەئكیدیان لە پرۆژە چاكسازییەكەی ئێمەش كردوەتەوە".

لەبارەى هەندێک بۆچون کە باس لەوە دەکەن بزوتنەوەى گۆڕان لە رێگەى خۆى لایداوە، ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندون دەڵێت:"هەرگیز لەو بەرنامەیەى هەمانبوە لاماننەداوە‌ و خۆشم شانازی بەوەوە دەكەم، رۆژێك لە رۆژان لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا گەندەڵی نەبوە‌ و نەچوینەتە پشت هیچ حزبێك".