کوردستان 11:45 - 08/09/2020

رەفیقی وێنەگر، چاوی سلێمانی کۆچی دواییکرد

+ -

(سبەی):

رەفیقی وێنەگر، لە تەمەنی (88) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری سلێمانی رەفیق مەحمود محەمەد ناسراوی رەفیقی وێنەگر کۆچی دواییکرد.

رەفیقی وێنەگر ساڵی (1932) لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە خێزانێکی خوێندەوار و نیشتمانپەروەر لە دایک بوە و پەروەردە بوە.

هەر لە منداڵییەوە بەهۆی مەحمود ئەفەندی رەسامی باوکییەوە، بە کامێرا و فۆتۆ ئاشنا بو، چونکە باوکی بە فۆتۆگرافەرە پێشەنگ و دێرینەکانی شاری سلێمانی دادەنرێت، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەخۆی کامێراکەیەوە لەناو سوپای عوسمانییەوە بۆ شاری سلێمانی گەڕایەوە و کاری فۆتۆگرافەری کردە خولیا و سەرچاوەی بژێویی ژیانی، بەوەش ئەو پیشەیە لای رەفیقی کوڕی خۆشەویست دەبێت و درێژەی پێدەدات.

بەهۆی ئەوەی محەمەد قودسی برای لەگەڵ سێ ئەفسەری دیکەدا بەشداریی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەکەن و دوای روخانی کۆمار دەگەڕێنەوە عێراق، لە (19)ی حوزیرانی ساڵی (1947) لەلایەن رژێمی پاشایەتییەوە لەسێدارە دەدرێن و دواتریش خانەوادەکەی نەفی دەکرێن بۆ شارەکانی هەولێر و کۆیە و رواندز، بەوهۆیەوە رەفیق مەحمود دەرفەتی خوێندنی لەدەست دەچێت و خۆی بۆ کاری فۆتۆگرافەری تەرخان دەکات.

رەفیقی وێنەگر، ساڵی (1954) لە شاری سلێمانی و لە نزیک سەرا ستۆدیۆیەکی بەناوی خۆیەوە داناوە و بە کاری فۆتۆگرافییەوە سەرقاڵ دەبێت، ئەرشیفی وێنەیی باوکی دەوڵەمەندتر دەکات.

ساڵی (1962) پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیش بایەخ بەهونەری وێنەگرتن دەدات و چەندین وێنە و ڤیدیۆی جوان و ناوازەی ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشدا دەگرێت. دوای پێشمەرگایەتی و هاتنەوەی بۆ ناوشای سلێمانی لەسەر کاری فۆتۆگرافەری بەردەوام دەبێ و زۆربەی تەمەنی خۆی بەو کارە دەبەخشێت.
رەفیقی وێنەگر نزیکەی نیو ملیۆن وێنەی جیاجیای سەرانسەری کوردستان هەیە و نزیکەی (34) هەزار جامی وێنەی نەشۆراوەی هەیە.