جیهان 03:56 - 30/03/2021

تویتێكی سوپای ئه‌مه‌ریكا ترسی له‌ جیهاندا دروستكرد

+ -

(سبەی):
تویتێكی ناڕونی سوپای ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌ هه‌زاران جار بڵاو كرایه‌وه‌، پرسیار و گومانى زۆرى لەلای بەکار هێنەرانى ئەو لاپەڕە کۆمەڵایەتیە و بەشێک لە وڵاتانى جیهان دروستکرد و وەک "جفرەیەکى ستراتیژى" لێکدرایەوە.

لەچەند رۆژى رابردودا تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر پڕبو لە پرسیار و گومان و گفتوگۆ سەبارەت بە توتێکى ناڕون کە لە هەژمارى تایبەتى سوپاى ئەمەریکا بڵاوبویەوە و وەک جفەرەیەکى سەربازى لێکدرایەوە، بۆ گەیاندنى پەیامێکى تایبەت.

تویتەکە بریتى بو لە کۆمەڵێک وشە و پیتى ناڕونى وەک ("؛ l ؛ ؛ gmlxzssaw") کە زۆر لە "جفرەى سەربازىی" دەچو، بەهەزاران جار بڵاو کرایەوە بەڵام پاشتر سڕدرایەوە و سەرکردایەتى سوپاى ئەمەریکاش داواى لێبوردنى کرد سەبارەت بەو تویتە و داواى کرد لەبیر بکرێت چونکە وەک ئەوان دەڵێن "هیچ شتێکى تایبەت و ستراتیژی نەبوە و تەنها هەڵەیەک بوە".

هەندێک وا لێکیان دایەوە سوپاى ئەمەریکا دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت، هەندێکى تریش پێیان وابو بابەتەکە پەیوەندى بە ئاسایشى نەتەوەییەوە هەیە بەڵام هەندێکى تر پێیان وابو لاپەڕەکە هاک کراوە.

رۆژنامەنوس مایک تالین لەبارەى تویتەکەوە پرسیارى لە سوپاى ئەمەریکا کردوە، سوپاى ئەمەریکا دەڵێت "هیچ شتێکى مەترسیدار لە ئارادانیە و لاپەڕەکەشیان هاک نەکراوە و تەنها هەڵەیەک بوە".

سوپاى ئەمەریکا تائێستا وەڵامێکى رونى نیە، تەنها دەڵێن "پێ دەچێت سەرپەرشتیارى لاپەڕەکە کۆمپیوتەرەکەى بە کراوەیی جێهێشتبێت و مناڵێک یارى بە لاپەڕەکە کردبێت و ئەو تویتەى کردبێت، ئەمە هەمو بابەتەکەیە".