کوردستان 10:10 - 31/03/2021

د. پشدەر عەبدوڵا: بڕیارى داخستنى قوتابخانەکان زۆر هەڵە بو

+ -

(سبەى):

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى د.جەمال ئەحمەد رەشیدى منداڵان رایدەگەیەنێت؛ راستە ژمارەى توشبونى منداڵان بە کۆرۆنا زیادیکردوە بەڵام خۆشحاڵانە ئەوان زۆر بە سوکى دەیگرن و دەشڵێت: داخستنى قوتابخانەکان بەهۆى کۆرۆناوە منداڵان دوچارى کۆمەڵێک نەخۆشى دەکات کە کاریگەرییان لە کۆرۆنا خراپتر و زیاترە.

د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى د.جەمال ئەحمەد رەشیدى منداڵان رایگەیاند؛ راستە ژمارەى نەخۆشەکان زیادیکردوە لە نەخۆشخانەى منداڵان بەڵام تا ئێستاش دۆخەکە جێگیرە و تا ئێستا لۆدێکى گەورە لەسەر نەخۆشخانەکان دروست نەبوە.

دەڵێت: ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ له ‌ئێستادا بەراورد بە کۆرۆنا کۆنەکە ئه‌وه‌یه‌ مناڵان زۆر زیاتر توشده‌بن و ڤایرۆ‌سه‌که‌ش به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نا منداڵانیش به ‌گشتی بىراورد بە گه‌وره‌کان ئێستاش نیشانه‌کانیان که‌متره‌ یاخود حاڵه‌ته‌کانیان ئه‌وه‌نده‌ توند نییه‌ هه‌تا ژیانیان بکه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

د.پشدەر لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد؛  لەسەرتاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەگەڵ ئەوە بوە کە قوتابخانەکان دابخرێن چونکە نەدەزاندرا ڤایرۆسەکە بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات و دەشڵێت: ‌ ئەستەمە بتواندرێت بە ئاسانى بڕیار له‌داخستنی ده‌رگای خوێندنگاکان بدرێت، چونکه‌ له‌وکاته‌دا پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن به‌ته‌واوه‌تی په‌کی ده‌کەوێت.

 

دەڵێت: له‌هه‌مانکاتدا منداڵ ئالوده‌ی کۆمه‌ڵێک ئامێری ته‌له‌ڤزیۆن و ئامێره ‌زیره‌کەکان ده‌بێت ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى زۆر خراپی ده‌بێت، وادەکات نه‌وه‌یه‌کی داهاتوی ئیفلیج دروست بکات و منداڵ دورده‌خرێته‌وه‌ له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن و وایلێده‌کرێت مناڵێکی ته‌مه‌ڵ ده‌ربچێت له‌داهاتودا گیرۆده‌ی کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشی بێت وه‌کو فشاری خوێن له‌هه‌مانکاتدا شه‌کره‌ و کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشی ده‌رونی که‌ئه‌مانه‌ کاریگه‌ری زۆر خراپتریان ده‌بێت چه‌ند به‌رامبه‌ر کاریگەری زیاتری ده‌بێت له‌کۆرۆنا."

جەختدەکاتەوە لەوەى بڕیارى داخستنى قوتابخانەکان زۆر هەڵەیە و بڕیارێکى دروست نییە و دەبێت قوتابخانەکان دوا شوێن بن بریارى داخستنیان بدرێت و یەکەم شوێن بکرێتەوە.