کوردستان 03:49 - 11/07/2018

"تا هەڵوەشاندنەوەى دامەزراوەی سەرۆکایەتى هەرێم دەڕۆین"

+ -

(سبەى):
عەلى حەمە ساڵح رایدەگەیەنێت؛ لەبەر ئەوەى یاساى هەڵپەساردنى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم پڕۆژەى گۆڕان بوە و دەستکەوتێکى گرنگە هەندێک لایەن دەیانەوێت لە بەهاکەى کەم بکەنەوە و دەڵێت:"وەک فراکسیۆنى گۆڕان تا هەڵوەشاندنەوەى دامەزراوەکە دەڕۆین".

سەربارى هەندێک گۆڕانکارى، لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا پڕۆژە یاساى هەڵپەساردنى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان هەڵپەسێردرا و خولى داهاتوى پەرلەمان تا وەرزى دوەمى کارکردنى دەبێت چارەنوسى دامەرزاوەکە یەکلا بکاتەوە، دواى پەسەند کردنى یاساکە بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران عەلى حەمە ساڵح پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وتى:"ئێمە دەمانویست لە وەرزى یەکەمدا ئەم بابەتە یەکلا بکرایەتەوە، بەڵام بە دەنگدان کرا بە وەرزى دوەم واتە لەماوەى ساڵێکى خولى ئایندەى پەرلەمان چارەنوسى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم یەکلا دەکرێتەوە".

ئاماژەى بەوەکرد کە لە چەند ساڵى رابردودا بزوتنەوەى گۆڕان جەختى لەوە کردوەتەوە کە هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى هەرێم لەناو خەڵکەوە نەبێت و وتیشى:"لاى ئێمە هیچ دامەزراوەیەک بۆ مامەڵە و تەوافوق نییە و ئەمەش تەواو کەرى ئەو پرۆژانەیە کە لە رابردو هەمانبوە، ئێمە لە هیچ هەڵبژاردنێک باوەڕمان بە هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم نیە لەناو خەڵکەوە".

لەبارەى راى هەندێک لایەنەوە کە رەخنە دەگرن، پەرلەمانتارەکەى گۆڕان وتى:"کاتێک ویلایەتى سەرۆکى هەرێم کۆتایى هات ئێمە دەمانوت بەرێز بارزانى وادەکەى کۆتایى هاتوە، بەڵام لایەنى دیکە هەبون وەک سەرۆک ماڵەیان لەگەڵ دەکرد و چونە لیژنەى باڵاى ریفراندۆم و لە کەناڵە عەرەبیەکانیانەوە وەک سەرۆکى عهەرێم ناویان دەبرد، بۆیە ئەوەى ئێستا دەیڵێن چەواشەکارییە، جگە لەوە کاتێک باسى هەڵبژاردن هاتە پێشەوە تەنها ئێمە کاندیدمان هەبو بۆ سەرۆکایەتى هەرێم هیچ لایەنێک کاندیدى نەبو".

هەروەک جەختى کردەوە کە لە ساڵى یەکەمى خولى ئایندەى پەرلەماندا چارەنوسى دامەزراوەکە یەکلا دەبێتەوە بە "مان یان نەمان"ەوە، ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو دامەزراوەیە دەکەین تا هەڵوەشاندنەوەى دەڕۆین.

رونیشیکردەوە لەم یاسایەدا بە رونى وتراوە؛ کۆى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم هەڵدەپەسێردرێت، دیوانەکەى تەنیا ئیشى کارگێڕى و دارایى فەرمانبەرەکانى دامەرزاوەکە دەکات و بەپێى یاساکە "سەرۆکى دیوانەکەى بەشێک نیە لە هیچ پرۆسەیەکى سیاسى و لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە سەرپەرشتى دەکرێت".