کوردستان 09:20 - 27/08/2018

پۆست و پارەیان لە بەغدا وەرگرت و کێشەکانی کوردیش وەک خۆی مانەوە

+ -

(سبەی):
ئەگەرچی یەكێتی و پارتی شكستیان هێنا لە پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد لە عێراقی نوێدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت جارێكی تر نوێنەرایەتی كورد بكەنەوە لە بەغدا.

یەكێتی و پارتی لە عێراقی نوێدا ئەوەی بۆخۆیان ویستیان بەدەستیان هێنا كە خۆی لە وەرگرتنی پۆست و پارەدا دەبینێتەوە، بەڵام هیچ كێشەیەكی كوردیان چارەسەرنەكرد، نە كێشەی خاك و نە بودجە و نە پێشمەرگە و نەهیچ كێشەیەكی تر لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت جارێكی تر نوێنەرایەتی كورد بكەن لە بەغداد.

لەمادەی نۆ بڕگەی یەكی دەستوری عێراقیدا هاتوە "هێزە چەكدارەكان و دەزگا ئەمنیەكانی عێراق لەتەواوی گەلانی عێراق پێكدێن، دەبێت رەچاوی نوێنەرایەتی و پێگەی هەمو پێكهاتەكان بكرێت، بەبێ هیچ جیاكاری و دورخستنەوەیەك".

یەكێتی و پارتی دەیانتوانی بەپێی ئەو مادەیە لە دەستوری عێراقی رێژەی كورد لە سوپا بپارێزن، كەچی نەیانكرد، بەجۆرێك لەئێستادا ریژەی كورد لە سوپای عێراق لەنێوان (1٪ بۆ 2٪)یە، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو رێژەیە لەسەرەتای دروستبونی سوپای عێراق لە ساڵی (1921) رێژەی كورد (20٪) بوە، لەدوای دروستبونەوەی سوپای عێراقیش لە ساڵی (2003)وە رێژەی كورد لە سوپای عێراق (8%) بوە.

هەروەها لە بڕگەی پێنجی مادەی (121)ی دەستوری عێراقدا هاتوە "حكومەتی هەرێم دەتوانێت هێزی ئاسایشی ناوخۆ وەك پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی سنور دابمەزرێنێت".

كورد ساڵی (2005) دەنگیان دا بەدەستوری نوێی عێراق و لە دەستورەكەشدا هێزی پێشمەرگە بە پاسەوانی هەرێم ناونرا، بەڵام بەهۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی حیزبایەتی لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە پێش خەمی نیشتیمانی، ئەو دو حیزبە نەیانتوانی ئەم مادەیەی دەستور جێبەجێ بكەن.

بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە وەك هێزێكی نیشتیمانی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە، سەرباری نەدانی موچە، عێراق لە ساڵی (2003)وە تا ساڵی (2015) سوپای عێراق بە بەهای (149) ملیار دۆلار گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیەكان واژۆكردوە و پێشمەرگەش هیچی لەو چەكە پێنەدراوە.

یەكێتی و پارتی لە ماوەی رابردودا بەو پۆستانەی لەدەستیان بو دەیانتوانی زۆر شت بۆ پێشمەرگە بچەسپێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەمو ئەو پۆستانەی كە بەناوی كوردەوە وەریانگرتوە و لە خزمەتی حیزبیان بەكارهێناوە، دۆخی هەرێم و پێشمەرگە بەم رۆژە گەیاند.

پۆستەكانی كورد لە ماوەی رابردودا كە لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە نوێنەرایەتی كراون بریتی بون لە:

بابەكر زێباری سوپا سالاری عێراق لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵی (2003) وە تا خانەنشین بونی لە ساڵی (2015) خانەنشین بوە.

بروسك نوری شاوەیس لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی (2004)وە ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری عێراق بوە بەپلەی بریكاری وەزیر.

فەریق روكن عوسمان ساڵح لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سوپا سالاری عێراقی وەرگرتوە.

ئەنوەر حەمە ئەمین لە ساڵی (2008)وە لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە.

ئەگەر پۆستانە كاریان بۆ جێبەجێكردنی مادەكانی دەستور بكردایە و نوێنەرایەتی راستەقینەی كورد بونایە ئایا دۆخی پێشمەرگە وەك ئێستا دەبو؟، ئەی بۆچی نەیانتوانی و نەیانكرد؟ تەنها وەڵام ئەوەیە پارتی و یەكێتی كاریان بۆ خۆیان كردوە و نەیانویستوە پێشمەرگە بكەنە هێزێكی نیشتیمانی، كە لەحاڵەتێكی وادا هەرگیز روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر روینەدەدا.

ئیستا ئیتر كاتی ئەوەیە نوێنەرایەتی كورد كەسانێك بیكەن شكستەكانی رابردوی یەكێتی و پارتی دوبارە نەكەنەوە، لەبری شوێنكەوتنی پۆست بە دوای جێبەجێكردنی مافە دەستور و یاساییەكانی خەڵكی كوردستاندا بن.