جیهان 06:15 - 18/03/2019

ژمارەى کوژراو و بریندارەکانى هۆڵەندا گەیشتە (11) کەس

+ -

(سبەى):
ژمارەى کوژراو و بریندارانى روداوى تەقەکردنەکەى شارى ئۆترێختى هۆڵەندا بۆ (11) کەس بەرز بوەوە و پۆلیسیش بەدواى هاوڵاتییەکى تورکى تەمەن (37) ساڵدا دەگەڕێت بە گومانى ئەنجامدەرى هێرشەکە.

سەرۆکى شارەوانى شارى ئۆترێختى هۆڵەندا رایگەیاند لە ئەنجامى روداوى تەقەکردنەکەى ئەمرۆ سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسى دیکەش برینداربون و لەژێر چاودێرى پزیشکدان.

لاى خۆیەوە مارک رۆتییە ، سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە رایگەیاند؛ پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان کارى خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەدورى نازانین پاڵنەرى تیرۆریستى لە پشت روداوکەوە بێت و بەدواى ئەنجامدەرى هێرشەکەون".

دواى ئەوەى لە ترامێکى شارەکە لەلایەن کەسێکەوە هێرشى چەکدارى ئەنجامدرا و کوژراو و بریندارى لێکەوتەوە، پۆلیسى ئەو وڵاتە ناسنامەى ئەو کەسەى راگەیاند کە دەیانەوێت دەستگیرى بکەن و بە ئەنجامدەرى هێرشەکەى لەقەڵەم دەدەن، ئەویش کەسێکى بەرەچەڵەک تورکى تەمەن (37) ساڵە بەناوى گۆکمان تانیس.