ئابوری 09:17 - 27/03/2021

ميسر نرخى نەوتى لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزکردەوە

+ -

(سبەى):
نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبوەوە، سەرچاوەکانى هەواڵیش هۆکارەکەى بۆ میسر و بەدیاریکراوى داخستنى نۆکەندى سوێس دەگەڕێننەوە.

دوای نزیکەى مانگێک لە دابەزینی نرخەکەى لە بازاڕەکانى جیهاندا، ئەمڕۆ شەممە نرخی نەوتی خاوى برێنت بەرزبوەوە بە رێژەی (3.92%) و هەر بەرمیلێکى بە (64.38) دۆلار فرۆشرا، هاوکات هەر بەرمیلێک لە نەوتی تەکساسیش گەیشتنەوە (60.73) دۆلار.

سەرچاوەکانى هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن داخستنى نۆکەندی سوێس لە میسر بەهۆى کەشتییەکی (400) مەتریی و پەکخستنی بازرگانی لە نۆکەندەکەدا، هۆکارى بەرزبونەوەى نرخى نەوتە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ هه‌ینی، كۆمپانیای لوید لیست بڵاویكردەوە، بەپێی ئامارەکان و‌‌ به‌هۆی گیرخواردنی كه‌شتییه‌ ژاپۆنییه‌كه‌ له‌ نۆكه‌ندی سوێس له‌ میسڕ، ته‌نها له‌ یه‌ك سه‌عاتدا‌ نزیكه‌ی (400) ملیۆن دۆلار زیان به‌ر كه‌رتی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌وێت، ئەوەش بوەتە هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی له‌رێگه‌ی نۆكه‌نده‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌.