ئابوری 08:57 - 29/03/2021

کەشتییەکەى نۆکەندى سوێس کەوتەوە سەر رێڕەوى خۆى

+ -
(سبەى):

دواى ئەوەى بۆ ماوەى شەش رۆژ لە نۆکەندى سویس گیرى خواردبو، کەشتى ئێڤەرگەیڤن کەوتەوە سەر رێڕەوى خۆى.

ئەمڕۆ دوشەممە کۆمپانیاى ئینتش کەیپ رایگەیاند؛ کەشتییەکە دوبارە رێڕەوى خۆى گرتەوە و بەمەش جموجوڵە بازرگانییەکان دەکرێنەوە و دوبارە دەستپێدەکەنەوە.

لەسەر ئەو شێوازەى بەکارهاتوە بۆ خستنەڕێڕەوى کەشتییەکە و کردنەوەى رێڕەوى نۆکەندى سوێس، ئوسامە رەبیع سەرۆکى دەستەى نۆکەندى سوێس لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردوە کە (10) بارهەڵگرى گەورە لە چوار ئاڕاستەى جیاوازەوە بەکارهاتوە بۆ جوڵاندنى کەشتى ئێڤەرگەیڤن.

ئەوە لە کاتێکدایە کەشتى ئێڤەرگەیڤن لەلایەن کۆمپانیایەکى تایوانییەوە (ئێڤەرگرین) خراوەتەکار بە مەبەستی گەشتێکی بازرگانی بەرەو پێنج وڵاتی جیهانی بەرێکەوت، بەڵام لە نۆکەندى سوێس و بەهۆى گرتنى ئاڕاستەى هەڵەوە بۆ ماوەى شەش رۆژە گیریخواردوە و بەهۆیەوە جولەى بازرگانى لە ناوچەکە وەستا، ئەمڕۆ ئەو کەشتییە دوبارە خرایەوە سەر رێڕەوى خۆى و بڕیارە کۆتا خاڵى وەستانى بەندەرى رۆتەردام بێت لە نێدەرلاند و لەوێ بەیەکجارى لەنگەر بگرێت.