جۆراوجۆر 09:51 - 02/03/2021

زیانێکى دیکەى قەڵەویی ئاشکرا بو

+ -

(سبەی):
زانیاریە پزیشکیە نوێیەکان لە ئیتاڵیاوە ئاشکراى دەکەن، ڤاکسینى کۆرۆناى فایزەر و بۆینتیک لەوانەیە کاریگەریان لە پاراستنى ئەو کەسانەدا کەمتر بێت کە قەڵەون.

ئەم دەرەنجامە پزیشکیە کە رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى بڵاویکردوەتەوە، لە ئەنجامى پڕۆسەى پێدانى ڤاکسینى کۆرۆنا بە فەرمانبەرانى کەرتى تەندورستیی ئیتاڵیا دەستکەوتوە و تێبینی کراوە کە کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەر فەرمانبەرەکان جیاوازە.

پزیشکەکان بۆیان دەرکەوتوە ئەو کەسانەى کێشیان زیادە و قەڵەون، ڤاکسینەکە لە لەشیاندا کاریگەریی کەمترە بەراورد بەو کەسانەى کێشیان ئاساییە.

دەرەنجامەکان دەریانخستوە ئەو فەرمانبەرانەى کەرتى تەندروستیى ئیتاڵیا کە کێشیان زیاد بوە، نیوەى تواناى بەرگرى لە لەشیاندا دروستبوە بەراورد بەفەرمانبەرەکانى تر کە بەتەواوى بەرگریی لە جەستەیاندا دروستبوە.

بۆ چارەسەرى ئەمەش پزیشکەکان پێیان وایە کە وا پێویست بکات کەسانى قەڵەو دو هێندەی کەسانى دیکە ڤاکسین وەربگرن.

پێشتریش لەسەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا پزیشکەکان هۆشداریاندا ئەو کەسانەى قەڵەون کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەریان زیاترە و هەناسەیان قورستر دەبێت و ئەگەرى گیانلەدەستدانیشیان زیاترە.

لە روى پزیشکیەوە قەڵەویی پێناسەى خۆى هەیە و بەپێى کێش و قەبارە و درێژیی لەش، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر دەگۆڕیت.