جۆراوجۆر 08:15 - 13/01/2020

کاریگەرى مۆسیقا لە پەروەردەکردنى منداڵدا

+ -

(سبەى):

مۆسیقا تەنها ڕێگایەک بۆ  بەخشینى چیژو بەسەربردنى کاتێکى خۆش نییە، بەڵکو چەندین هیزو تواناى جیاواز بە مرۆڤ دەبەخشێت و لە پەروەردەکردنى لایەنە جیاوازەکانى منداڵان کاریگەریى زۆرى هەیە، لەخوارەوە چەند سودێکى فێربونى مۆسیقا لەگەشەى مناڵاندا دەخەینە رو کە دواهەمین لێکۆڵینەوەکان پێى گەیشتون:

1-بەهێزکردنى تواناکانى زمان: بەپێى چەند لێکۆڵینەوەیەکى زانایانى مێشک لە زانکۆیەکى کالیفۆرنیا دەرکەوتوە، فێربونى مۆسیقا هاوکارە لە ئاسان فێربونى زمانە جیاوازەکان لاى منداڵ، چونکە کاریگەرى هەیە لەسەر خێراکردنى گەشەى بیستن لە مێشکدا، ئەمەش ئاسانکارى دەکات بۆ فێربونى زمان و ئاسان خوێندنەوە و زو تێگەیشتن لەقسە لاى منداڵان .

2-بەهێزکردنى دەمارەکانى هەردو دەست: راهێنان لەسەر ئامێرەکانى مۆسیقا کاریگەرى باشیان لەسەر بەهێزکردنى ماسولکەکانى هەردو دەست و گەشەپێدانى تواناکانى بەکار هێنانى دەست و پەنجە لاى مناڵ هەیە، ئەمەش بە پێچەوانەى بەکار هێنانى شاشەکانى ئامێرە ئەلکترۆنیەکان کە واى کردوە زۆربەى مناڵان هیزى دەست و پەنجەیان سست بێت، فێربونى ئامێرێکى مۆسیقا لە تەمەنێکى زودا دەتوانێت هاوکارى منداڵ بکات بۆ زاڵ بون بەسەر ئەم کێشەیەدا.

3-بەهێزکردنى مێشک: ئەلبیرت ئەنیشتاین تەنها بلیمەتێکى فیزیا نەبو بەڵکو کەمانژەنێکى بە تواناش بو، ئەو لە تەمەنى شەش ساڵیەوە فێرى ئەو ئامێرە ببو، زانایان دەڵێن فیربونى ئامێرە مۆسیقیەکان، واى کردوە ئەنیشتاین بە ئاسانى هەردو بەشەکەى مێشک بەیەکەوە بەکار بهێنێت ئەمەش واى کرد بلیمەتیەکەى دەربکەوێت، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستوە مۆسیقا چەندین بەشى مێشک بەهێز دەکات بەتایبەت ئەگەر لە مناڵیەوە لەسەرى رابهێنرێت، لەهەندێک لە تاقیکردنەوە جیهانییەکاندا سەرنجى ئەوە دراوە ئەو مناڵانەى مۆسیقا ژەنن ئاستى دەرچونیان زیاترە .

4-یاداوەریى بەهێز دەکات: فێربونى مۆسیقا پێویستى بەوەیە کەسەکە زۆرێک لە ئاواز و نۆتەکانى لە بیر بێت، ئەمەش وادەکات قەبارەى یادگە فراوانتر بێت، بۆیە ئەو مناڵەى فێرى مۆسیقا دەکرێت لە گەڵیدا یادگەشى بەهێزو فراوان دەبێت، ئەمەش هاوکارى دەکات شتەکانى ترى وەک دەق و لێکدانەوە و تێگەیشتنى ئاسان بێت.

5-هاوکارە لە تێگەیشتنى منداڵ لە ماتماتیک: زۆر خالى لێکچون هەیە لەنێوان مۆسیقا و ماتماتیک، وەک تێگەیشتن لە ئیقاع و میزان و چەمکەکانى ترى مۆسیقا لەبەرامبەردا دابەشکردن و لێدەرکردن و چەند بەشێکى ترهەیە لە ماتماتیکدا، بۆیە زانایان جەخت دەکەنەوە فێربونى مۆسیقا هاوکارە لە تێگەیشتنێکى باشتر لە ماتماتیک لەلاى منداڵان.

6-متمانە بەخۆکردن: وانەکانى فێربونى مۆسیقا بە کۆمەڵێک هەوڵى ئارامگرتن و دوبارە کردنەوە و هەڵە و راستکردنەوە تێپەڕ دەبن تا مناڵەکە فێرى مۆسیقا و ژەنین دەبێت، ئەمەش وا دەکات مناڵ فێرى خۆڕاگرى و هەوڵدان بێت و دواى ئەو هەوڵانە و فێربونى مۆسیقا یەکى باش تێبگات کە ئەو تواناى هەیەو دەتوانێ بەسەر ئەو شتانەدا زاڵ بێت کە لەسەرتاوە سەختن، ئەویش بە ئارامگرتن و دوبارە کردنەوە، کە لێیەوە متمانە بەخۆ بون دروستدەکات.

7-زیادکردنى ئارامى: لەم رۆژگارەدا منداڵان رێگایەکیان نیە بۆ فێربونى ئارامى، هەرشتێکیان دەوێت لەبەردەستیاندایە پێیان وایە هەموشت بەئاسانى بەدەستدێت، زۆر جاریش هەڵەشە و توڕەن بۆ زو بەدەستهێنانى ئەو شتانە، بەڵام راهێنانەکانى مۆسیقا دەتوانێ منداڵ فێرى ئەوە بکاتئارام گر و خۆڕاگربێت و هێورى دەکاتەوە.